لە بەرامبەر 8 ملیار دۆلاردا؛ ئێران پێشنیازی کردنەوەی گەرووی هورمز دەداتە ئەمریکا

لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و ئاساییکردنەوەی هاتوچۆی دەریایی، واشنتن و تاران لە رێگەی نێوەندگیری قەتەرەوە گفتوگۆ لەسەر پێشنیازێکی نوێ دەکەن بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، لە بەرامبەر ئازادکردنی ملیاران دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "ئیسرائیل هایۆم"، چاوەڕوان دەکرێت رۆژی دووشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی قەتەر کۆببێتەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێشنیازێکی ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز لە بەرامبەر ئازادکردنی هەشت ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی تاران.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، رێککەوتنە پێشنیازکراوەکە دەبێتە هۆی راگرتنی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنداو و هەڵگرتنی بەشێک لە سزا و سنووردارکردنەکانی ئەمریکا، بەڵام هیچ ئاماژەیەک بە پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ناکات.

هاوکات ئاماژە بەوەش کراوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا فشار دەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ترەمپ دژایەتی ئەو هەنگاوە دەکەن.