پارتی: لەژێر رۆشنایی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی ئامادەین لەگەڵ یەکێتی کۆببینەوە
پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازییەکی گەرم لە پەیام و دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی دەکات، سەبارەت بە دۆخی سیاسی و بە ئامانجی تێپەڕاندنی بنبەستە سیاسییەکانی هەرێم خستوویەتییە روو.
دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، پارتی لە رۆشنایی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانیدا، بە تەواوی ئامادەن بۆ گفتوگۆ و کۆبوونەوە لەگەڵ برایانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی سیاسیی هەرێمی کوردستان.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر سازدانی گفتوگۆ و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش کراوەتەوە، بۆ ئەوەی هەمووان پێکەوە وەڵامدەرەوەی ویست و خواستەکانی هاونیشتمانییان بن و ئەم قۆناخە سەختە بە سوودی گەل و نیشتمان تێپەڕێنن.
ئەم راگەیەنراوەی پارتی دوای ئەوە هات، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا رایگەیاند، بەرژەوەندیی گەلی کوردستان لە سەرووی هەموو ئامانج و بەرژەوەندییەکی دیکەوەیە، سەرۆک بارزانی داواشی لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کردووە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆببنەوە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی
بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
سەبارەت بە پێشهاتەکان و بارودۆخی سیاسی، پێویستە هەموو لایەک ئەوە لەبەرچاو بگرن کە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان لە هەموو بەرژەوەندی و ئامانجێکی تردا گەورەترە.
لەسەر ئەو بنەمایەش، داوا لە برایانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکەم لەگەڵ پارتی پێکەوە دابنیشن، کێشەکان چارەسەر بکەن و کۆتایی بە قەیرانە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان بهێنن.
زۆریش حەز دەکەم لایەنە سیاسییەکانی تری هەرێمیش بەشداری لە هەنگاوەکانی پڕۆسەی سیاسیدا بکەن، پێکەوە حکوومەتێکی بنکەفراوان و نیشتیمانی پێک بهێنن و وەڵامی داوا و خواستەکانی خەڵکی کوردستان بدەنەوە.