کۆبوونەوەی ئەمڕۆی چوارچێوەی هەماهەنگی دواخرا

کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی کە بڕیار بوو ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەبچێت، بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026، نوسینگەی راگەیاندنی هەمام حەمودی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق بڵاویکردەوە، بڕیار بوو ئەمڕۆ دووشەممە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە نووسینگەی شێخ هەمام حەمودی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق کۆببنەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لە چەندین تەوەر و پرسی گرنگ پێکدەهات، لە دیارترینیان: پرسی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی وڵات، دۆسیەی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، لەگەڵ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە ئەمنییەکان و هێرشەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکان.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ژمارەیەک لە سەرکردەی لایەنە شیعەکان کۆبووەوە.

بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا عەلی زەیدی جەختی لە پەرۆشیی حکوومەتی فیدراڵی کردەوە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هاووڵاتییان و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان. هەروەها ئاماژەی بە پلانەکانیان دا بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ حەوت ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا لە ساڵی 2030 و 10 ملیۆن بەرمیل لە ساڵی 2032، بە جۆرێک بەرهەمی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئابووریی وڵات.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر دانانی میکانیزمی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەپێی دەستوور و یاسا بەرکارەکان. هاوکات بە توندی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆریان سەرکۆنە کرد و داوای پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکان و رێگریکردنیان لەو جۆرە پەلامارانە کرد.

نووسینگەی عەلی زەیدی روونیکردەوە، هەردوولا تاوتوێی چەند پرسێکی گرنگیان کردووە. لەوانە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان بەپێی دەستوور و رێکخستنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان لە نێوان وەزارەتەکانی دارایی هەردوو حکوومەتدا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لە بەردەوامیی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردەوە، هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق. هەروەها باسیان لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2027 و پەلەکردن لە پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەناردەکردن و بەڕێوەبردنی سامانی وزە.