ئەردۆغان: سوورین لەسەر سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی
سەرۆککۆماری تورکیا رایدەگەیەنێت، بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە شنگال هەنگاوی بەنرخ نراون و زیاتر لە چوار هەزار ئەندامی پەکەکە چوونەتە ڕیزی هێزەکانی عێراقەوە، هاوکات جەخت دەکاتەوە کە پاشگەزبوونەوە لە پرۆسەی ئاشتی نییە و بە سەرکەوتوویی دەیگەیەننە ئەنجام.
ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەتەکەی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا چەند پەیامێکی گرنگی سەبارەت بە دۆخی شنگال و پڕۆژەی ئاشتی خستەڕوو.
ئەردۆغان لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە دۆخی شنگال کرد و رایگەیاند: "لە شنگال بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و چۆڵکردنی ئەشکەوتەکان هەنگاوی بەنرخ و گرنگ نراون."سەرۆککۆماری تورکیا ئاشکراشی کرد "زیاتر لە چوار هەزار ئەندامی پەکەکە پەیوەندییان بە هێزەکانی عێراقەوە کردووە."
لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و دەستپێشخەرییە سیاسییەکان لە وڵاتەکەی، سەرۆککۆماری تورکیا پێداگری لەسەر بەردەوامیی پرۆسەکە کرد و گوتی: "ئێمە سوورین لەسەر سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی، هیچ گەڕانەوەیەک لەو پرۆسەیە لە ئارادا نییە و بە دڵنیاییەوە بە سەرکەوتوویی دەیکەینە ئەنجام."
پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا:
26ی تشرینی دووەمی 2024، دەستپێشخەری دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ ئاشتی.
28ی کانوونی یەکەمی 2024، دیداری پەروین بوڵدان و سرى سوورەیا ئۆندەر، شاندی دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی.
پەیامی ئۆجەلان "بەهێزکردنی برایەتیی تورک - کورد نەک هەر بەرپرسیارێتییەکی مێژویییە، بەڵکو پرسێکی گرنگ و بەپەلەی چارەنوسسازە بۆ کۆی گەلان. بۆ بەهێزکردنی ئەو پرۆسەیە، گرنگە هەموو بازنە سیاسییەکان لە تورکیا لەسەروی حیساباتی تەسک و کورت مەودا بیربکەنەوە، دەستپێشخەریی بکەن و بونیادنەرانە هەنگاو بنێن و ئەرێنییانە بەشداریی بکەن."
1ی ئاداری 2025 راگەیاندنی ئاگربەست و رەخساندنی زەمینەی گفتوگۆ. 5-7ی ئایاری 2025، بەڕێوەچوونی کۆنگرەی 12ی پەکەکە. بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەیی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری.
11ی تەممووزی 2025، سووتاندنی چەک لەلایەن گرووپێکی 30 کەسی بە سەرۆکایەتیی بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکە، لە رێوڕەسمێکدا لە بەردەم ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری شارۆچکەی دوکان – سلێمانی.