کەنەدا سزا بەسەر 11 دامەزراوەی ئێراندا دەسەپێنێتەوە

حکوومەتی کەنەدا بڕیاری دا سزاکانی سەر 11 دامەزراوە و کۆمپانیای گەورەی پەیوەندیدار بە کەرتی نەوت، بانک و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بسەپێنێتەوە، کە پێشتر لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2016 لە لیستی سزاکان دەرهێنرابوون.

سێشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، بەهۆی پێشێلکردنی بەڵێنە نێودەوڵەتییەکان و سنووردارکردنی هاوکارییەکانی تاران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئۆتاوا لە چوارچێوەی یاسای رێکارە ئابوورییە تایبەتەکان، سزای بەسەر 11 دامەزراوەی ئێرانی سەپاندەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، سزاکان دیارترین دامەزراوەکانی کەرتی سووتەمەنیی ئەتۆمی، وزە و چەند بانکێکی سەرەکی دەگرێتەوە؛ لەوانە: کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران (NIOC)، کۆمپانیای نیشتمانیی تانکەری ئێران، کۆمپانیای نەفتیران، بانکی میللی، بانکی میللەت، بانکی پیشەسازی و کانزاکان، لەگەڵ کۆمپانیای دڵنیایی (بیمە)ی ئێران.

وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆم ناڕەزایەتی دەربڕی لە ئاست پابەندنەبوونی تاران بە مەرجەکانی چاودێری، هەروەها کاراکردنی میکانیزمی "گەڕاندنەوەی خێرا"ی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان (سناپباک) لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە و بڕیارەکانی کۆمەڵەی حەوت (G7).

بەپێی بڕیارە نوێیەکەی ئۆتاوا، هەموو هاووڵاتی و کۆمپانیا کەنەدییەکان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات قەدەخەیان لێ دەکرێت هیچ جۆرە مامەڵەیەکی دارایی و بازرگانی لەگەڵ ئەم 11 دامەزراوەیەدا ئەنجام بدەن، بە ئامانجی سنووردارکردنی دەستگەیشتنی تاران بە سەرچاوە داراییەکان و تەکنەلۆجیای هەستیار.