روبیۆ: پێویستیمان بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دژی ئێران نییە

"دانوستانەکانمان لەگەڵ تاران بە باشی بەڕێوەدەچن"

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: دانوستانەکان لە بارەی دۆسیەی ئێران بە ئاراستەیەکی باشدا هەنگاو دەنێن. هاوکات دووپاتی کردەوە، بەهۆی سەرکەوتنی گەورەی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە، دۆناڵد ترەمپ پێی وایە ئێستا هیچ پێویستییەک بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان دژ بە تاران لە ئارادا نییە.

سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، مارکۆ، روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، گوتی: دانوستانەکان لە بارەی ئێران بە شێوازێکی باش بەڕێوەدەچن، بەڵام لە هەمان کاتدا هیچ چارەیەکی خێرا و دەستبەجێ لە ئارادا نییە.

جەختیشی لەوە کردەوە، گوشارە ئابوورییەکان دژ بە تاران هێندە سەرکەوتوو بوون، کە ترەمپ پێیوایە هیچ پێویستییەک بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوان ناکات، بە تایبەت کە کاریگەریی سزاکان لەسەر ئێران رۆژ بە ڕۆژ زیاتر و قووڵتر دەبێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی: ئێمە زیانێکی گەورەمان بە ئێران گەیاندووە، لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک رێکارمان لە گەرووی هورمز گرتووەتەبەر و دەرگاشمان بۆ کاری دیپلۆماسی بە کراوەیی هێشتووەتەوە؛ ئێمە پێویستمان بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی نییە دژی ئێران، چونکە دەتوانین بە گوشاری ئابووری تەواوی ئامانجەکانمان بەدەستبهێنین.

سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەکە، رۆبیۆ روونی کردەوە، ترەمپ زانیاری و پەیامی روونی لە لایەن هاوبەشەکانمانەوە لە ناوچەکە پێدەگات، کە بە روونی ئاماژە بەوە دەکەن کە هیچ پێویستییەک بە کردەی سەربازی دژی ئێران ناکات.

هاوکات دەربارەی داواکارییەکانی تاران گوتی: ئێران داوای قەرەبوو دەکات، بەڵام ئەمە هەرگیز روونادات، بەڵکو دەبێت خودی ئێران قەرەبووی ناوچەکە بکاتەوە لە بەرامبەر ئەو وێرانکارییەی کە دروستی کردووە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، لە سایەی بەردەوامی و سەرکەوتنی هەڵمەتە ئابوورییەکەی واشنتندا، هیچ پێویستییەک بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و جەنگی ڕاستەوخۆ دژ بە ئێران ناکات.