ئەمڕۆ کۆنگرێس دەنگ لەسەر پڕۆژەبڕیاری لێپێچینەوە لە وەزیری جەنگ دەدات

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کارنامەی فەرمیی خۆیدا بڕیاری دا دەنگ لەسەر پڕۆژەبڕیارێکی تایبەت بە لێپێچینەوە و لەسەرکارلادانی پێت هێگسێت، وەزیری جەنگ ئەمەریکا بدات.

بە گوێرەی خشتەی کاری رۆژانەی ستیڤ سکالیس، سەرۆکی زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران، پرسی لێپێچینەوە لە پێت هێگسێت، وەزیری جەنگ خرایە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2026، و بڕیارە هەنگاو و جووڵەی رێکاریی پێویستی لەبارەوە بگیرێتەبەر.

پڕۆژەبڕیارەکە لەلایەن تۆماس ماسی، ئەندامی کۆماریی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پێشکەش کراوە. ماسی لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاند: "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر پڕۆژەبڕیاری لێپێچینەوە لە هێگسێت دەدات. دەنگدانی یەکەم بریتی دەبێت لە جووڵەیەکی رێکاری بۆ پووچەڵکردنەوە و راگرتنی پڕۆژەکە لە رێگەی ناردنی بۆ لیژنەی پەیوەندیدار."

ئەو کۆنگرێسمانە دەشڵێت: "ئەگەر بتوانین بەسەر ئەو هەوڵەدا زاڵ ببین و رێگری لە پووچەڵکردنەوەی بڕیارەکە بکەین، ئەوا دەست دەکەین بە گفتوگۆ و مشتومڕی راستەقینە و دەنگدان لەسەر ماددەکانی لێسەندنەوەی متمانە لە وەزیری بەرگری."

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە ناکۆکی و مشتومڕی ناوخۆیی لەنێو کۆنگرێس لەبارەی بەڕێوەبردن و سیاسەتەکانی وەزارەتی جەنگ (پێنتاگۆن) سەری هەڵداوە و چاوەڕوان دەکرێت دەنگدانی ئەمڕۆ کاردانەوەی سیاسیی فراوانی لێ بکەوێتەوە

هەر ئەمڕۆ وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، گوتی: ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان لە رووی یاساییەوە تەواو رەوا بوون. لە ماوەی کەمتر لە 40 ررژ لە جەنگی دژ بە ئێران، زیاتر لە 13 هەزار ئامانجمان لە ناوخۆی ئەو وڵاتە بۆردوومان کرد و تەواوی کەشتیگەلی دەریایی تارانمان نوقمی دەریا کرد؛ ئێمە بە هەموو پێوەرێک سەرکەوتنێکی مێژووییمان لە ئێران تۆمار کردووە.

جەختیشی کردەوە، سوپای ئەمریکا لە جەنگی ئێراندا تووشی هیچ زیانێکی گەورە نەبووە هاوشێوەی ئەوەی لە جەنگی ڤێتنامدا روویدابوو، هەروەها دووپاتی کردەوە، "بەرپرسیارێتیی تەواوی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان دەگرمە ئەستۆ و لە پشتیان دەوەستم، ئێمە بە هیچ شێوەیەک داوای لێبوردن لەسەر ئەوە ناکەین کە لە ئێران ئەنجاممان داوە."

سەبارەت بە هەوڵەکانی کۆنگرێس بۆ لێپێچینەوە و دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی، وەزیری جەنگی ئەمریکا ئەو هەنگاوانەی بە "شانۆگەرییەکی سیاسی و گاڵتەجاڕی" وەسف کرد و گوتی: لە تەواوی مێژووی ئەمریکادا، هیچ وەزیرێکی جەنگ لە کارەکەی دوورنەخراوەتەوە لە کاتێکدا وڵات خەریکی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بێت. هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەم، بە ئامانجگرتنی راستەوخۆی سەربازان و فەرماندە ئەمریکییەکانە؛ ناکرێت شەڕکەرەکانمان سزا بدرێن لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی یاسایی و سەرکەوتوو.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەم هەوڵە پەیامێکی تەواو هەڵە دەداتە دوژمنانی ئەمریکا، هەروەها ئەم هەنگاوەی کۆنگرێس تەنیا لە رزق و ناکۆکیی سیاسییەوە سەرچاوەی گرتووە، نە پەیوەندی بە تاوانی گەورەوە هەیە، نە ناپاکی و نە بەرتیلخۆری؛ ئەمە هەوڵی تەنیا کەسێکە کە دەیەوێت لە دوایین رۆژەکانی لەناو کۆنگرێسدا سوود لە پێگەکەی وەربگرێت بۆ لێدانی زیان لە سەرۆک ترەمپ و لە وڵاتەکەمان.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا، پیت هێگسێت پەیامێکی ئاراستەی یاسادانەرانی سەر بە پارتەکەی لە کۆنگرێس کرد و گوتی: کۆمارییەکان هێشتا کۆنتڕۆڵی تەواوی کۆنگرێسیان لەدەستدایە، و پێویستە تاوەکو دەرفەت لەبارە ئەم باڵادەستییە بقۆزنەوە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر بۆ وڵات.