ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووک بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ کۆدەبێتەوە
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بانگهێشتی ئەندامانی کردووە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بە مەبەستی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ.
سەرەڕای هەبوونی کێشە، بڕیارە کاتژمێر 04:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ی تشرینی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ کۆببێتەوە.
بەرەی تورکمانی لەنێوان خۆیاندا گەیشتوونەتە رێککەوتنێک بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدێک، کە پۆستی پارێزگار لە بەرژەوەندی تورکمان یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام عەرەبەکان ئەگەری هەیە بەشدار نەبن لە کۆبوونەوەکە. بەمەش کۆبوونەوەکە یان بۆ شەو یان بۆ سبەی بەیانی دوادەخرێت، و ئەمەش هۆکارەکەی ئەوەیە کە عەرەبەکان ترسی ئەوەیان هەیە پۆستی پارێزگار بدرێتە تورکمان و سەری ساڵ تورکمان پۆستەکە رادەست نەکاتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت عەرەبەکان بەو مەرجە بەشدار دەبن کە پارێزگارێکی عەرەب هەڵبژێردرێت، و لەگەڵ ئەوەشدا پارێزگارێکی بە وەکالەت (واتا جێگری دووەمی پارێزگار) هەر ئەمڕۆ بۆ تورکمان هەڵبژێردرێت و دەسەڵاتەکانی پارێزگار بدەنە جێگری دووەمی پارێزگار کە تورکمانە. واتە ئەم مانگ و 20 رۆژە کە ماوە تورکمانێک پۆستەکە بەڕێوە ببات، و ئەو عەرەبەی کە هەڵدەبژێردرێت بۆ پۆستی پارێزگار ئەو ماوە مۆڵەتێک وەربگرێت بۆ ئەوەی کاتی تورکمانەکان تەواو بێت بۆ بەڕێوەبردنی پۆستی پارێزگار.
بەڵام تورکمانیش لەنێو خۆیاندا ئێستا ناکۆکن؛ تورکمانی سوننە و تورکمانی شیعە. لە لایەکی دیکەوە قەیس خەزعەلی، دوێنێ لەگەڵ کوتلەی عەرەبی کۆبووەتەوە و داوای کردووە ئەو دوو مانگەی کە ماوە تورکمانێکی شیعە پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەربگرێت، و ئەمەش کێشەیەکە کە هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە.
تورکمانی سوننە پێشتر بەڵێن بە ئەحمەد رەمزی درابوو کە ئەو بکرێتە پارێزگار بەڵام قەحتان وەنداوی کاندید کراوە لەلایەن بەرەی تورکمانییەوە.
بە گوێرەی رێککەوتنی هۆتێل رەشید کورد بەشی خۆی لە بەڕێوەبردنی پارێزگا تەواو کردووە و رێبوار تەها نزیکەی دوو ساڵ پۆستەکەی بەڕێوەبرد هەر بۆیەش کورد ئێستا لە دەرەوەی ململانێکەیە و کێشەکە و ناکۆکییەکە لەنێوان تورکمانی شیعە لەنێوخۆیان و تورکمان و عەرەبدایە، بۆیە ئەگەری هەیە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دوابخرێت.
لە لایەکی دیکەوە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەفتەی رابردوودا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەن و نوێنەری پێکهاتەکان کۆبووەتەوە و مۆڵەتی هەفتەیەکی پێداون کە پێویستە پۆستی پارێزگار و ئەو بۆشاییە ئیدارییەی کەرکووک پڕ بکرێتەوە.
رۆژی 10ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە کۆبوونەوەیەکدا لە هۆتێل رەشید لە بەغدا، بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێک لە ئەندامانی پێکهاتەی عەرەب، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
لە کۆبوونەوەکەدا رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەن دەستنیشان کران، کە لە لایەن بەشێکی ئەندامانی عەرەبەوە بریتی لە رەعد ساڵح، محەممەد حافز و زاهیر عاسی پشتیوانییان لێکرا.