هۆڵەندییەکان دەیانەوێت فێری زمانی کوردی ببن

ژمارەیەک قوتابی خوازیاریی فێربوونی زمانی کوردی لە هۆڵەندا (وێنە: ۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی)
ژمارەیەک قوتابی خوازیاریی فێربوونی زمانی کوردی لە هۆڵەندا (وێنە: ۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی)

بە مەبەستی پاراستنی زمانی دایک، سێ قوتابخانەی نوێی کوردی لە هۆڵەندا دەکرێنەوە و بەڕێوەبەری قوتابخانەکانیش رایدەگەیەنێت، خواستی منداڵانی کورد بۆ فێربوونی زمانەکەیان لە تاراوگە زیادیکردووە و تەنانەت چەند منداڵێکی هۆڵەندیش دەیانەوێت فێری کوردی ببن.

لەپێناو پاراستنی زمانی دایک و گەشەپێدانی منداڵانی کورد لە تاراوگە، ژمارەی قوتابخانەکانی زمانی کوردی لە هۆڵەندا زیاد دەکرێن.

لەم بارەیەوە رۆزا حەمەکەریم، بەڕێوەبەری قوتابخانەکانی سەر بە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی لە هۆڵەندا بە کوردستان 24ـی رایگەیاند، بە هەماهەنگیی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، سێ قوتابخانەی تایبەت بە زمانی کوردی لە شارەکانی دێنهاخ و نایمێخن و ئاپڵدۆرن دەکەنەوە و بەمەش ژمارەی قوتابخانەکانی زمانی کوردی لە هۆڵەندا دەبێتە شەش قوتابخانە.

هەروەها گوتی، وانەکان بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی پێشکەش دەکرێن و تەواوی کاتی دەوامی قوتابخانەکانیشیان لەگەڵ دەوامی قوتابخانەکانی هۆڵەندا رێکخستووە بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ قوتابییان هەبێت.

رۆزا حەمەکەریم ئاماژەی بەوە دا، لە رۆژی یەکەمی دەستپێکردنی پڕۆژەکەدا تەنیا چوار منداڵ ناویان تۆمار کرد، بەڵام دواتر رۆژ دوای رۆژ زیادی کرد و ئێستا داوایان لێکراوە لە چەند شارێکی دیکە قوتابخانەی زمانی کوردی بکەنەوە. باسی لەوەش کرد، ساڵ دوای ساڵ خواستی خێزانانی کورد بۆ فێربوونی زمانی کوردی لەلایەن منداڵەکانیانەوە زیاد دەکات و ئێستا ژمارەی قوتابییەکانیان گەیشتووەتە نزیکەی 60 قوتابی.

سەبارەت بە خواستی منداڵانی هۆڵەندی بۆ فێربوونی زمانی کوردی، بەڕێوەبەری قوتابخانەکان ئەوەی خستەڕوو، چەندین منداڵی هۆڵەندی لە شارەکانی ئەمستردام و ئۆترێخت دەیانەوێت فێری زمانی کوردی ببن و لە قوتابخانەکانیان وانە دەخوێنن.

لە کۆتاییدا رۆزا حەمەکەریم جەختی لەوە کردەوە، ئەم هەنگاوەی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی و فیدراسیۆنەکانی لە وڵاتانی تاراوگە، بە ئامانجی پاراستنی شوناسی نەتەوەیی و کەلتوورییە، بۆ ئەوەی لە رێگەی فێربوونی زمانی دایکەوە نەوەی نوێ بە نیشتمان و رەگ و ریشەی خۆیانەوە ببەستنەوە.