عەلی باباجان: دەبێت ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی کورد دەستەبەر بکرێن
سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتنی تورکیا، رایگەیاند: پەرلەمانی تورکیا بە پەسەندکردنی "یاسای چوارچێوە" نەخشەڕێگەی بۆ چەکدانان و دەرگای دەربازبوونی چەکدارانی پەکەکە دیاریی کردووە و بۆیە ئێستا کاتی چەسپاندنی مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییانی کوردە بەبێ هیچ مامەڵەیەکی سیاسی؛ ئاماژەی بەوەش کرد، کورد پێکهاتەی بنەڕەتیی تورکیایە و بەهۆی کۆچی ناوخۆییەوە ئێستا ئیستانبووڵ گەورەترین مۆڵگەی نیشتەجێبوونی کوردە لە جیهاندا، کە ئەمەش برایەتیی مێژوویی نێوان هەردوو نەتەوە بەهێزتر دەکات.
چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتنی تورکیا، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، زنجیرەیەک دیداری سیاسیی گرنگی لەگەڵ سەرکردایەتیی باڵای هەرێم ئەنجام دا و لە میانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24ـدا، دیدگای پارتەکەی لە بارەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، دۆخی کورد، پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و هەولێر، جەنگی ئێران و ئیسرائیل و، ئاییندەی پڕۆژە ستراتیژییەکانی ناوچەکەی خستەڕوو.
عەلی باباجان وێڕای دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ پێشوازییە گەرمەکەی پایتەختی هەرێمی کوردستان، سەرسامیی خۆی بە گەشەسەندنی خێرای هەولێر دەربڕی لە پاراستنی ناوەندی مێژوویی شارەکە و هاوتەریب دروستکردنی وەبەرهێنانی مۆدێرن و یەکەی نیشتەجێبوون.
باباجان ئاشکرای کرد، کە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کەشێکی زۆر دۆستانە و ئەرێنیدا بەڕێوەچوون، کە تێیاندا جگە لە هەڵسەنگاندنی ئاستی باڵای پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییە دووقۆڵییەکان، کۆمەڵێک دۆسیەی هەستیاری هەرێمی و نێودەوڵەتی تاوتوێ کراون.
سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتنی تورکیا، جەختی لەوە کردەوە کە پارتەکەی یەکەم لایەن بووە پێشوازیی لە دەستپێشخەریی ئاشتی کردووە و گوتی: بەڕێز بارزانی لە سەرەتاوە پشتیوانییەکی دڵسۆزانەی ئەم پرۆسەیەی کردووە، کە وای کردووە تا ئەمڕۆ بە سەرکەوتوویی بەردەوام بێت؛ ئەمەش زۆر گرنگە چونکە ئیتر لە ناوچەکەماندا بکەری نادەوڵەتی، گرووپی میلیشیایی و رێکخراوی چەکدارمان ناوێت، بەڵکو دەبێت دەوڵەت و دامەزراوە یاساییەکان بەهێز بن.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی پڕۆسەکە، باباجان روونی کردەوە، قۆناخی یەکەم چەکدانانی پەکەکە و کشانەوەیەتی لەو ناوچانەی ساڵانێکە لێیان جێگیر بووە، کە دەبێت لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیاوە پشتڕاست بکرێتەوە؛ دوای ئەوە، پڕۆسەی نوێ بۆ چارەنووسی ئەندامانی رێکخراوەکە و کردنەوەی دەرگای دەربازبوون دەستپێدەکات. پەرلەمانی تورکیا لە رێگەی (یاسای چوارچێوە)وە تەواوی ئەم هەنگاوانەی خستووەتە چوارچێوەیەکی یاسایی روونەوە.
باباجان وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە مەحاڵە کێشەیەکی 40 ساڵە لە 40 رۆژدا چارە بکرێت، هۆشداری دا لەوەی کە نابێت شەمەندەفەری ئاشتی بوەستێت تا گوڕوتینی خۆی لەدەست نەدات؛ هاوکات هەڵوێستی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بە "دروست و بەنرخ" وەسف کرد لەوەی گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە ئیتر کێشەکان بە چەک چارە ناکرێن و دەبێت گۆڕەپانی دیموکراسی و سیاسی جێگەی بگرێتەوە.
سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتنی تورکیا، بە راشکاوی باسی لە پرسی کورد لە تورکیا کرد و گوتی: کورد پێکهاتەی بنەڕەتیی کۆماری تورکیایە، بەڵام لە مێژووی نزیکماندا کێشەی جدی لە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان هەبووە و ئێستاش ماوە. چەکدانانی پەکەکە تەنیا کۆتاییهێنانە بە توندوتیژی، بەڵام دەبێت هاوتەریب پرۆسەی چارەسەری سیاسی دەستپێبکات بە ئاراستەی پێدانی ماف و ئازادییە سەرەکییەکان بە کورد بەبێ ئەوەی بکرێتە مامەڵە.
سەبارەت بە دۆخی دیمۆگرافی و ئاوەدانکردنەوە، باباجان ئاماژەی بەوە کرد، لە 15 بۆ 20 ساڵی رابردوودا بەهۆی سەقامگیرییەوە ژێرخانی ناوچە کوردنشینەکانی وەک وان و دیاربەکر گۆڕانکاریی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، هاوکات تیشکی خستە سەر کۆچی بەرفراوانی کورد بەرەو شارە گەورەکانی رۆژئاوای تورکیا و گوتی: ئەمڕۆ ئیستانبووڵ بووەتە گەورەترین شاری کوردنشین لە جیهاندا؛ ئێمە هەزار ساڵە پێکەوە دەژین و تا قیامەتیش پێکەوە درێژە بە ژیان دەدەین، و دەبێت وریای ئەو دەستانەش بین کە لە دەرەوە فیتنە دەگێڕن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باباجان دۆسیەی ئەتۆمی و گرژییەکانی ئێرانی خستەڕوو و پێداگریی لەسەر گەڕانەوە بۆ مێزی دانوستاندن کردەوە، هاوکات ستایشی هەڵوێستی ژیرانەی سەرکردایەتیی کوردی کرد لە هەرێمی کوردستان و گوتی: لە سەرەتای جەنگەکەدا هەوڵ هەبوو بە هاندانی ئەمریکا و ئیسرائیل هەندێک گرووپی کوردی پەلکێشی ناو جەنگی ئێران بکرێن، بەڵام سەرکردایەتیی کورد نەچووە ناو ئەو جەنگەوە، ئەمەش هەڵوێستێکی زۆر ئەرێنی و جێگەی دەستخۆشی بوو.
سەبارەت بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باباجان پەنجەی تۆمەتی بۆ ناتانیاهۆ و دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل درێژ کرد بەوەی بۆ فراوانکردنی خاک و هەژموونیان سوود لە کەلێنی نێوان وڵاتانی ئیسلامی وەردەگرن و، داوای لە وڵاتانی تورکیا، میسر، سعوودیە، ئێران و عێراق کرد بەرەیەکی یەکگرتوو پێکبهێنن تا سنوورێک بۆ دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل لە غەززە، لوبنان و سووریا دابنێن.
لە رووی ئابوورییەوە، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتنی تورکیا، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەرێمی کوردستان پێگەی شایستەی خۆی لە پڕۆژەی ستراتیژیی "رێگەی گەشەپێدان"ـدا هەبێت و هێڵەکە بە خاکی هەرێمدا تێپەڕێت تا خزمەت بە گەشەی هاوبەش بکات. هەروەها نزیکیی جوگرافی و فڕۆکەوانیی نێوان هەولێر و شارەکانی تورکیای بە بەڵگەی پەیوەندییە بەهێزەکان زانی.
عەلی باباجان بە کورتی تیشکی خستە سەر پێشڕەوییەکانی یانەی وەرزشیی "ئامەدسپۆر" لە خولەکانی تورکیادا و سەرکەوتنەکانی یانەکەی بە نموونەیەکی درەوشاوەی وەرزشی ناوبرد کە خزمەت بە برایەتیی ناوخۆ، سەقامگیری و رۆحی نوێی سەدەی دووەمی کۆمار دەکات.