ئەکسیۆس: ئەمریکا داوای بەشداریی ئەوروپا لە دانوستانەکانی ئۆکرانیا دەکات
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داوای لە رووسیا کردووە پێشنیازێکی نوێ بۆ داڕشتنی رێککەوتننامەیەکی ئەمنیی داهاتوو لەگەڵ ئەوروپا پێشکەش بکات، بەجۆرێک هەنگاوە کردەییەکانی مۆسکۆ بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەخۆ بگرێت، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا.
چوارشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2026، بە گوێرەی زانیاریی سەرچاوە دیپلۆماسییە ئاگادارەکان بۆ ئاژانسی ئەکسیۆس، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە هەوڵدایە هاوتەریب لەگەڵ دانوستانەکانی ئاشتیی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ، گفتوگۆ لەسەر داڕشتنەوەی سیستەمی ئەمنیی ئەوروپاش بکات؛ ئەو داواکارییەی کە رووسیا ساڵانێکە دووپاتی دەکاتەوە بۆ سنووردارکردنی فراوانخوازییەکانی ناتۆ و کەمکردنەوەی هەژموونی سەربازیی رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا.
بڕیارە ڕپێنجشەممە، جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، نێردە باڵاکانی سەرۆکی ئەمەریکا لە مۆسکۆ لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆببنەوە بۆ خستنەڕووی ئەم داواکارییە. بەرپرسێکی ئەمەریکی ئاشکرای کردووە، نێردەکانی واشنتن داوا لە پووتین دەکەن رێگە بدات نوێنەرانی وڵاتانی ئەوروپاش بەشداری لە خولی داهاتووی دانوستانەکانی ئاشتیدا بکەن، دواتریش شەوی پێنجشەممە دەچنە شاری دەبلن بۆ ئەوەی لەگەڵ ڤلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کۆببنەوە.
لە دانوستانەکانی ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە لە ئەبوزەبی، کە ژەنەراڵ ئەلێکسس گرینکێویچ، فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەوروپاش تێیدا بەشدار بوو، تەوەری سەرەکی بریتی بوو لە پێشنیازی ئەمەریکا بۆ داڕشتنی چوارچێوەیەکی نوێی ئەمنی لەنێوان رووسیا و ئەوروپادا.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، کاتێک شاندی رووسیا هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگیان بۆ وەڵامنەدانەوەی داواکارییە ئەمنییەکانی ساڵی 2021 لەلایەن ئیدارەی پێشووی ئەمەریکاوە گەڕاندووەتەوە، نێردەکانی واشنتن بە مۆسکۆیان راگەیاندووە کە لە دوای 2021ـەوە بارودۆخی جیهان گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە؛ بۆیە پێویستە مۆسکۆ پڕۆژەیەکی نوێ بنووسێتەوە کە هەم نیگەرانییەکانی خۆی لەخۆ بگرێت، هەم ئەو "هەنگاوە هاوتایانە" دیاری بکات کە ئامادەیە بیانگرێتەبەر بۆ دڵنیاکردنەوەی ئەوروپا لەوەی لە داهاتوودا هێرش ناکاتە سەر هیچ وڵاتێک.
لە کاتی گفتوگۆکاندا، کۆشنەر و ویتکۆف جەختیان لەوە کردووەتەوە کە گەیشتن بە رێککەوتنی ئەمنی بەبێ ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی ئەوروپییەکان لەسەر مێزی دانوستان مەحاڵ دەبێت.
سەرەڕای ئەوەی ڤلادیمێر مەدینسکی، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری رووسیا، رەخنەی لە سەرکردەکانی ئەوروپا گرت و گوتی هیچ پێشنیازێکی روونیان پێ نییە، بەڵام دووپاتی کردەوە کێشەی ئەمنی لە تەواوی جەستەی ئەوروپادایە و بە چارەسەری سەرپێیی چارەسەر نابێت.
لە بەرامبەردا، پایتەختەکانی ئەوروپا بە گومان و نیگەرانیی قووڵەوە لەم هەنگاوەی واشنتن دەڕوانن و لەوە دەترسن سازش لەسەر سەروەریی کیێڤ بکرێت. لەم بارەیەوە ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاندووە؛ ئەوروپا بە هیچ شێوەیەک ناچێتە نێو گفتوگۆ لەسەر پێکهاتەی نوێی ئەمنی تا ئەو کاتەی جەنگ لە ئۆکرانیا بە شێوەیەکی بەردەوام و یەکلاکەرەوە کۆتایی نەیەت.
لای خۆیەوە، ئیدارەی ئەمەریکا هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی دڵنیا کردووەتەوە کە بەبێ رەزامەندیی هاوبەشی ئەوروپا و ئۆکرانیا ناچێتە نێو هیچ رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ رووسیادا، و هەرگیز رێگە نادات مافی ڤیتۆ بە مۆسکۆ بدرێت بەسەر بڕیارە ئەمنییەکانی ئەوروپادا.