نێچیرڤان بارزانی لە ئەنتاڵیا لەگەڵ سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا کۆبووەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاووهەوا (COP31) لە ئەنتاڵیا، لەگەڵ سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میتی) کۆبووەوە؛ لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە پتەوکردنی هاریکاری و هەماهەنگیی هاوبەشی ئەمنی لە نێوان ئەنقەرە، بەغدا و هەولێر کردەوە، هاوکات بەرەنگاربوونی ئاڵنگارییەکان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2026، لە پەراوێزی کاره‌کانی لووتکەی ئاووهەوا (COP31) لە ئەنتالیا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا کۆبووەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و پتەوکردنی هاریکاری و هەماهەنگیی هاوبەش بەتایبەتی لە بواری پاراستنی ئاسایش و ئارامیدا، هه‌روه‌ها گرنگیی هەماهەنگیی نێوان ئەنقەرە و بەغدا و هەولێر، له‌مباره‌یه‌وه، خرانه‌ به‌ر باس.

بەگوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێم، له‌ ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی کۆبوونه‌وەکه‌دا ده‌رباره‌ی دۆخی ناوچەکە، هەردوولا داکۆکییان لە بەردەوامیی هاریکاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری کردەوە.