محەمەد حاجی مەحموود: کاراکردنەوەی پەرلەمان ئەرکێکی نیشتمانی بوو

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، تا سەر ئێسقان دژی دووئیدارەیی و دابەشکردنی هەرێمی کوردستانن، هاوکات سەبارەت بە بڕیاری دەستگیرکردنیشی وەڵامی توندی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەداتەوە و دەڵێت: "لە 50 ساڵی رابردوودا کەس نەیتوانیوە دەستگیرم بکات."

محەمەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکدا دەربارەی دۆخی سیاسیی ئێستای هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ئەرکێکی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانییە و پێویستە هەنگاوی بۆ بنرێت.

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان هەڵوێستی حیزبەکەی لەبارەی یەکڕیزیی نێوخۆیی دووپاتکردەوە و گوتی: "ئێمە تا سەر ئێسقان دژی دووئیدارەیی و دابەشکردنی هەرێمی کوردستانین."

دەربارەی ئەو بڕیارانەی دادگا کە بۆ دەستگیرکردنی ناوبراو دەرچوون، کاکە حەمە بە توندی رەخنەی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان گرت و روونیکردەوە: "لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا کەس نەیتوانیوە بێتە سەر رێگەم و کەس نەیتوانیوە دەستگیرم بکات؛ دەبوو بیانگوتایە تەرمەکەی بهێنن و رادەستمان بکەن، نەک خۆی."

محەمەد حاجی مەحموود جەختی لەوە کردەوە کە ئەو بڕیارانەی دەردەچن ناڕەوان و گوتی: "پێویستە ئەو دادگایانەی بڕیاری دەستگیرکردنی منیان داوە، خۆیان رووبەڕووی دادگاییکردن ببنەوە."