میدیای ئیسرائیل: پەیوەندیی تەلەفۆنیی ترەمپ و ناتانیاهۆ گۆڕاوە بۆ "شەڕە هاوار" لەسەر ئێران

میدیای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، کۆتایی هەفتەی رابردوو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، مشتومڕێکی توند سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ئێران دروستبووە.

بەگوێرەی رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت" و ماڵپەڕی "وای نێت"، ناتانیاهۆ چەندین جار فشاری کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ و هێرشکردنە سەر تاران بە مەبەستی گۆڕینی رژێم، بەڵام ترەمپ رەتیکردووەتەوە و پێداگریی لەسەر بەردەوامیدان بە رێڕەوی دیپلۆماسی و فشارە ئابوورییەکان کردووە، هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، ئێستا هیچ هۆکارێک بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ نابینێت. سەرچاوە ئاگادارەکان پەیوەندییەکەیان بە "دەمەقاڵێیەکی توند و پڕ لە هاوارکردن" وەسف کردووە.

لە بەرامبەردا، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەواڵەکەی رەتکردەوە و بە ناڕاست وەسفی کرد.

هاوکات بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەنجامدانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، رایگەیاند؛ هیچ مشتومڕ و گرژییەک لە نێوان هەردوو سەرکردەکەدا رووی نەداوە.