پارێزگاری دهۆک: تەنیا یەک ئاش 50 تۆن تەحینی ئامێدی بۆ ئەمریکا هەناردە کردووە

لێدوانی پارێزگاری دهۆک بۆ کوردستان24
لێدوانی پارێزگاری دهۆک بۆ کوردستان24

لە ئامێدی چوارەمین فێستیڤاڵی تەحین و بەرهەمە پاییزەییەکان بە بەشداریی 140 جووتیار و خاوەن ئاش بەڕێوەدەچێت، پارێزگاری دهۆکیش رایدەگەیەنێت، تەحینی دەڤەرەکە هەناردەی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا دەکرێت و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی بازاڕی فراوانتر بۆ بەرهەمی خۆماڵی بەردەوامن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2026، لە سنووری قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک، فێستیڤاڵی تەحین و بەرهەمە خۆماڵییەکان دەستی پێکرد. لەم بۆنەیەدا 140 جووتیار و خاوەن ئاشی تەحین بەرهەمە جۆراوجۆرەکانی خۆیان نمایش دەکەن.

لە پەراوێزی چالاکییەکەدا، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بە نیگار نەبی، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیار دراوە لەمەودوا ناوی ئەم جۆرە بۆنانە بکرێتە "مێهرەجانی بەرهەمە پاییزەییە خۆماڵییەکان".  ئەوەشی خستەڕوو، ئەم جۆرە "مێهرەجانانە" دابونەریتێکی دێرینی ناوچەکەیە بۆ کۆتایی وەرزی پاییز و پێشاندانی دەستڕەنگی جووتیاران، تێیدا جیا لە تەحین، بەرهەمەکانی وەک گوێز، مێوژ، قەزوان و هەنگوین دەخرێنەڕوو.

عەلی تەتەر ئاماژەی بەوە دا، ئەم جۆرە چالاکییانە بە پاڵپشتیی سەرۆک بارزانی و  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچن. پارێزگاری دهۆک گوتی، ئامانجی سەرەکی لەم هەوڵانە، دۆزینەوەی بازاڕە بۆ جووتیاران، باخەوانان، هەنگەوانان و خاوەن کارگەکانی پیشەسازیی خۆراک، تا بەرهەمەکانیان بە باشترین شێوە لە بازاڕەکاندا ساخ بکەنەوە.

پارێزگاری دهۆک تیشکی خستە سەر بەرەوپێشچوونی بەرهەمی ناوخۆ و رایگەیاند، ساڵ لەدوای ساڵ خواست لەسەر بەرهەمی ناوخۆ روو لە زیادبوونە، ئێستا تەنیا یەک خاوەن ئاشی تەحین لە ئامێدی نزیکەی 50 تۆن تەحینی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەناردە کردووە. گوتیشی، بەرهەمەکان دەگەنە کەنەدا، ئوستوڕالیا و وڵاتانی ئەوروپاش.

مێژووی دروستکردنی تەحین لە قەزای ئامێدی بۆ زیاتر لە 500 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و یەکێکە لە ناسراوترین بەرهەمە خۆماڵییەکانی سەر ئاستی کوردستان و عێراق. لەم دەڤەرەدا نزیکەی 40 ئاشی کارەبایی و ئاوی هەن، لە نێویاندا تەحینی بەرهەمهێنراو لە ئاشی ئاو بەهۆی شێوازی هاڕین و پاراستنی پێکهاتە سروشتییەکەی ناوبانگێکی تایبەتی هەیە.