بەرهەمی کێڵگەی غەڕاف 100 هەزار بەرمیلە بەڵام ناتوانرێت هەناردە بکرێت
کۆمپانیای پشکنینی نەوتی ژاپۆنی ناسراو بە جاپێکس رایگەیاند، کێڵگەی نەوتی غەڕاف لە عێراق لە کۆتایی حوزەیرانی رابردووەوە دەستی بە بەرهەمهێنان کردووەتەوە و ئاستی بەرهەمەکەی گەیشتووەتە 100 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا. سەرەڕای دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان، کۆمپانیاکە تا ئێستا نەیتوانیوە هیچ بارهەڵگرێکی نەوتی خاو هەناردە بکات.
پێنجشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2026، یوتاکا نیشیمورا، بەرپرسی کاروباری دارایی و ژمێریاری لە جاپێکس، لە کۆنگرەیەکی دارایی پەیوەدت بە قازانج لە تۆکیۆ رایگەیاند "ئێستا بەرهەمی کێڵگەکە نزیکەی 100 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا"، نیشیمورا روونیکردەوە، بەهۆی بەربەستەکانەوە، کۆمپانیاکە تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە لە هەناردەکردنی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو.
یوتاکا نیشیمورا ئاشکرایکرد، جاپێکس چیتر بەدوای باری زیادەی گازی سرووشتی شلدا ناگەڕێت بۆ ئەو ماوەیەی لە تشرینی یەکەمی 2026 تا ئاداری 2027 درێژ دەبێتەوە. هەرچەندە دابینکردنی درێژخایەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راگیراوە، بەڵام سێ باری جێگرەوەیان دەستکەوتووە، کە دووانیان بۆ ماوەی نیسان تا ئەیلوول و یەکێکیشیان بۆ ماوەی تشرینی یەکەم تا ئاداری داهاتووە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەو بەرپرسەی جاپێکس روونیکردەوە کۆمپانیاکە هیچ داهاتێکی پێشبینیکراوی فرۆشتنی نەوتی خاوی لە خەمڵاندنەکانی قازانجی ساڵی دارایی داهاتوودا دانەناوە، کە ئاداری 2027 کۆتایی دێت.
کێڵگەی نەوتی غەڕاف یەکێکە لە کێڵگە نەوتییە گرنگەکانی عێراق کە دەکەوێتە 85 کیلۆمەتری باکووری ناسرییە، کێڵگەکە لە ئابی 2013 بە گرێبەستێکی خزمەتگوزاری هونەری دەستی بە بەرهەمهێنان کردووە و هاوپەیمانی پەرەپێدانی کێڵگەکە پێکهاتووە لە کۆمپانیای پێترۆناسی مالیزیا بە رێژەی 45%ـی، جەپێکس غەڕرافی ژاپۆنی بە رێژەی 30%ـی و کۆمپانیای نەوتی باکوور بە رێژەی 25%ـی.