ئەردۆغان داوای دەستپێکردنەوەی دانووستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکات

سەرۆک کۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی کۆبووەوە و داوای دەستپێکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی کرد "بەبێ دواکەوتنی زیاتر" بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەراوێزی کۆنفرانسی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ئەنتالیای تورکیا، لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران کۆبووەوە.

لە کاتی گفتوگۆکاندا، ئەردۆغان جەختی لە "گرنگی گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بەبێ دواکەوتنی زیاتر" کردەوە و دووپاتی کردەوە کە تورکیا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی ئەو هەوڵانەی کە ئامانجیان چەسپاندنی ئاشتییە.

سەرۆک کۆماری تورکیا گوتیشی: "دەبێت زەمینەی هاوبەش بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی بەهێز بکرێت و دەرفەت بدرێت بە دیپلۆماسی"، هاوکات هیوای خواست کە ململانێکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان "لە زووترین کاتدا" کۆتایی بێت.

لە لایەکی دیکەوە رۆژی چوارشەممە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە وتارێکدا لە کۆنفرانسی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان (COP31) لە تورکیا، هەریەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی لە کاتی هێرشەکانیاندا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، زیانی گەورەی ژینگەییان گەیاندووە.

پزیشکیان گوتی: "دەستدرێژییە تاوانکاری و نایاساییە ئەم دواییانەی ئەمریکا و قەوارەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران زیانی گەورەی بە ژینگە گەیاندووە، ئەمەش بەهۆی بەردانی بڕێکی زۆر لە ماددە پیسکەرەکان و گازە گەرمکەرەوەکان بۆ ناو بەرگەهەوا".

هاوکات وڵاتانی قەتەر و پاکستان هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان بۆ پێشخستنی رەوتی دانوستانەکان بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە دەستپێکردووە. تاران داوا لە واشنتن دەکات رەزامەندی لەسەر کۆمەڵێک داواکاری نیشان بدات، لەوانەش ئازادکردنی سەرمایە بلۆککراوەکان و هەڵگرتنی سزاکان، لە بەرامبەر دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز.