بەقایی: هەر لایەنێک هاوکاریی ئەمریکا و ئیسرائیل بکات بە دوژمنی دەزانین
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکدا هۆشداریی دایە ئەو وڵاتانەی بە هەر شێوازێک بێت بەشداری لە هێرش یان گەمارۆکانی سەر ئێران دەکەن و رایگەیاند، تاران ئەمە بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی دەزانێت و بێ وەڵامیش نامێنێتەوە.
پێنجشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لێدوانەکەی بە پەندێکی کۆری دەستپێکرد و نووسیویەتی: ئەو چۆلەکەیەی هەوڵ دەدات وەکو لەقلەقێک بفڕێت، دواجار قاچەکانی دەشکێن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختیکردەوە، هەر بەشدارییەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە دەستدرێژییە سەربازییەکان یان ئابوورییەکان، لەوانەش ناردنی هێزی دەریایی، پاپشتیی لۆجستیکی، و تەرخانکردنی کارمەند، وەک کردەوەیەکی دوژمنکارانە و نایاسایی دژ بە تاران هەژمار دەکرێت، هاوکات بە واتای بەشداریکردن لە دەستدرێژییەکانی ئەمریکا دێت بۆ سەر ئێران.
ئیسماعیل بەقایی رایگەیاند، ئەم جۆرە هەنگاوانە نەک هەر پێشێلکردنی ماددەی دوو بڕگەی 4ـی پەیڕەوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بەڵکوو دەکەوێتە چوارچێوەی پێناسەی تاوانی دەستدرێژییەوە کە لە بڕیارنامەی 3314ـی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە.
هاوکات بەقایی رەتی کردەوە، بیانووەکانی وەکو پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی یان بەرەنگاربوونەوەی دزەی دەریایی بتوانن سروشتی نایاسایی و دوژمنکارانەی ئەو کارانە بگۆڕن، و گوتی: پەیامی ئێمە روون و ئاشکرایە: هیچ رێککەوتنێکی دوقۆڵی یان پابەندبوونێک لەگەڵ ئەمریکادا ناتوانێت بێتە هۆی پاساوێکی رەوا بۆ پێشێلکردنی ئەرکەکانی دەوڵەتێک لەژێر سایەی یاسای نێودەوڵەتیدا، یان بۆ بەشداریکردن لە دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران.
لە کۆتاییدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشدارییەکی توندی دا و رایگەیاند: هەر دەوڵەتێک، بە هەر شێوازێک بێت، بەشداری لەم دەستدرێژییە نایاساییانەدا بکات، بەرپرسیارێتیی تەواوی دەرئەنجامەکانی لە ئەستۆ دەگرێت.
ئەم پەیامەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2026، لە "ترووس سۆشیاڵ" پەیامێکی بڵاوکردەوە، رایگەیاند، گۆشەگیرکردنی ئێران لە رووی ئابوورییەوە و نووسیویەتی "ئەو دەرفەتەی هەبوو بەسەر چیتر، ئیتر واشنتن پێویستی بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران نییە، چونکە ئێستا هەم گەرووی هورمز و هەم پارە بلۆککراوەکانی ئێران لەبەردەستە، کە سەدان ملیار دۆلار دەبن."
هەروەها لە بارەی دۆخی ناوخۆی ئەمریکاشەوە، ترەمپ رایگەیاندووە، جەی دی ڤانسی جێگریی راسپاردووە، سەرنجی بە تەواوەتی بخاتە سەر ئەو هەڵمەتانەی دیموکراتەکان لە دژی ئیدارەکەی لە سەرتاسەری ئەمریکا بەڕێوەدەبەن و هەڵمەتی دیموکراتەکانیشی بە تاوان و گەندەڵییەکی بەربڵاو لە ویلایەتەکانی ئەمریکا ناوبردووە.
هەر لە پەیامەکەیدا، ترەمپ ناوی ویلایەتەکانی مینیسۆتا، کالیفۆرنیا و ئیلینۆی هێناوە، کە لە کۆنترۆڵی دیموکراتەکانە و بانگەشەی ئەوەی کردووە کە مانگانە ملیاران دۆلار لەو ویلایەتانە دەدزرێت، راشیگەیاندووە، بنەبڕکردنی گەندەڵی لە ویلایەتەکان لە هاوسەنگکردنی بودجەی فیدراڵیدا یارمەتیدەر بێت.
پەیامە تازەکەی ترەمپ لە بارەی ئێران و دیموکراتەکان دوای تێپەڕبوونی نزیکەی هەفتەیەک دێت بە سەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا لە ساڵی 2026، کە بەگوێرەی ئەنجامەکان دیموکراتەکان توانیان لە هەردوو پەرلەمان و پیراندا سەرکەوتوو بن و کۆمارییەکان بشکێنن. هۆکاری شکستی کۆمارییەکانیش بۆ هەردوو لایەنی سیاسی و ئابووری گەڕێندراوەتەوە، لە لایەنە سیاسییەکەی هەڵکوتانە سەر ڤەنزوێلا و هەڵگیرسانی جەنگ دژی ئێران، هەروەها لایەنە ئابوورییەکەش بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شمەک لە ئەمریکادا و بەرزی رێژەی بێکاری لە وڵاتەکەدا.