ئەمریکا ئێران بە تاڵانکردنی سامانی عێراق تۆمەتبار دەکات
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، تاران تۆمەتبار دەکات بەوەی میلیشیا عێراقییەکان، لەنێویاندا کەتائیبی حیزبوڵڵا بۆ دزینی سامانی خەڵکی عێراق بەکاردەهێنێت. هاوکات بەڵگەنامەکان ئاشکرایانکرد، گومانی قاچاغچێتیی بەرهەمە نەوتییەکان لە ناوچەی جرف سەخر هەیە.
هەینی 13ـی تشرینی دووەمی 2026، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە سکای نیوزی راگەیاند، ئێران مێژوویەکی دوورودرێژی لە بەکارهێنانی میلیشیا عێراقییەکان هەیە بۆ دزینی سامانی وڵاتەکە. ئەو بەرپرسە گرووپەکانی بە تێکدانی سەروەریی عێراق و لاوازکردنی ئابووریی وڵاتەکە تۆمەتبارکرد، بەو پێیەی داهاتی گەندەڵییەکان بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و بەرژەوەندییەکانی تاران بەکاردەهێنن.
گوتەبێژەکە روونیکردەوە، واشنتن کەتائیبی حیزبوڵڵا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانی پۆلێن دەکات و سزای بەسەردا سەپاندووە.
ئەو بەرپرسە جەختیکردەوە، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە ئامانجگرتنی ئەو لایەنانەی داهاتی نایاسایی بەدەستدەهێنن و ئەوانەی ئاسانکاری بۆ مامەڵە داراییەکانیان دەکەن. ئەمەش لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی پەراوێزخستنی ئابووری و هەڵمەتی گوشاری توند دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی ئێران پەیڕەوی دەکات.
نامەیەکی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەریخستووە، سەرۆکوەزیران فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی بە سەرۆکایەتیی فەریق روکن سەعد محەمەد عورەیبی دەرکردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە زانیارییەکانی تایبەت بە قاچاغچێتیی بەرهەمە نەوتییەکان لە جرف سەخر، لە بەڵگەنامەکەدا بە ناوی جرف نەسر هاتووە.
لیژنەکە بەرپرسانی پۆلیسی فیدراڵی، پۆلیسی وزە، دەستەی حەشدی شەعبی و نوێنەرانی دەستەی نەزاهە و دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لەخۆدەگرێت. نووسینگەی فەرماندەی گشتی داوایکردووە، ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکەیان پێ رابگەیەنن.