بەهۆی هەڕەشەی بۆمب ناوچەیەکی بەرفراوانی ویلایەتی ئیلینۆی چۆڵ دەکرێت
پۆلیسی پیۆریا لە ویلایەتی ئیلینۆی، فەرمانی چۆڵکردنی بەپەلەی بۆ بەشێکی گەورەی شارەکە و ناوچەی ئیست پیۆریای دەرکرد، ئەمەش دوای ئەوەی هەڕەشەیەکی بۆمبڕێژکردنی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئەتانۆڵ و کحوول کرا.
بەپێی بڕیارەکە، هەر کەسێک لە ماڵ یان لە شوێنی کارەکەیدا بێت لە سنووری یەک میل لە دەوروبەری کارگەی "بایۆ ئۆرجا رینیوبڵز" لە پیۆریا، دەبێت تا کاتێکی نادیار شوێنەکە چۆڵ بکات.
پۆلیسی پیۆریا لە راگەیەندراوێکدا لە فەیسبووک گوتی "فەرمانی چۆڵکردن بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی گشتی دەرکراوە، لە کاتێکدا ئەفسەران و تیمەکانی فریاکەوتن لێکۆڵینەوە لە هەڕەشەکە دەکەن. ئێستا ئەفسەران لە شوێنی رووداوەکەدان و پشکنینی ورد بۆ کارگەکە دەکەن، تا راستی و دروستیی هەڕەشەکە بسەلمێنن و سەلامەتیی هاووڵاتییان مسۆگەر بکەن."
کەناڵی "دبلیو ئێم بی دی تی ڤی" کە سەر بە تۆڕی "سی بی ئێس"ـە و بلاویکردەوە، دۆزینەوەی پاکەتێکی گوماناوی لە نزیک کارگەی "بایۆ ئۆرجا" هۆکاری دەرکردنی فەرمانی چۆڵکردنەکە بووە.
هاوکات ئەو کەسانەی لە سنووری ناوچەی چۆڵکردنەکەدا دەژین یان کار دەکەن، دەتوانن بۆ پەناگە روو لە قوتابخانەی "مانوێڵ ئەکادیمی" بکەن، کە دەکەوێتە ناونیشانی 811ـی ئێس گریسوۆڵد ستریت لە پیۆریا.
لەلایەکی دیکەوە جۆن کاڵ، سەرۆکی شارەوانیی ئیست پیۆریا بە کەناڵی "دبلیو ئێم بی دی" گوتی: "هەڕەشەیەکی جێگەی باوەڕ هەبووە و شارەکە بە جددی مامەڵەی لەگەڵ دەکات."
هەروەها ریتا عەلی، سەرۆکی شارەوانیی پیۆریا بە هەمان سەرچاوەی گوت "دەبێت ئەمە وەک هەڕەشەیەکی جێگەی باوەڕ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. ئێمە لە هەموو ئەو کەسانە داوا دەکەین کە لە ناوچەی یەک میلیدا دەژین، شوێنەکە چۆڵ بکەن."