33 پەیامەکەی ئەمڕۆی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر، گوتارێکی پێشکەش کرد.

 

1. لە قۆناخی دووەمی پشتێنەی سەوزایی هەولێر ملیۆنێک و 800 هەزار نەمام دەچێندرێن.
2. بەردەوام دەبین لە سەوزکردنی هەولێر و دەوروبەری بۆ چاککردنی کەشوهەوا.
3. پڕۆژەکە هەوڵێکی پیرۆزە و لە چەندین لایەنەوە سوود بە هاووڵاتییان دەگەیەنێت.
4. دارودارستان ئاووهەوا پاکتر دەکەنەوە و شوێنی حەوانەوە دەستەبەر دەکەن.
5. پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر هەلی کار بۆ چەندین کەس دەڕەخسێنێت.
6. زۆربەی نەمامەکانی پشتێنەی سەوزایی بەرهەمدارن و سوودیان دەبێت.
7. دەکرێت لە بەرهەمی دارەکان کارگەی زەیتی زەیتوون دروست بکرێت.
8. قۆناخی دووەمی پشتێنەی سەوزایی لەسەر رووبەری 10 هەزار دۆنمە و سێ پۆندی تێدایە.
9. جێگەی دڵخۆشییە پێشمەرگە هاوشانی خۆبەخشان لە پڕۆژەکەدا بەشدارن.
10. بەشداریکردنی پێشمەرگە و خۆبەخشان نیشانەی نیشتمانپەروەری و دڵسۆزییە.
11. بەردەوام دەبین لە پڕۆژەکان و ناهێڵین ژینگە پیس ببێت.
12. پێشتر بەهۆی موەلیدەکانەوە دووکەڵێکی زۆر لە ئاووهەوای هەولێردا هەبوو.
13. پڕۆژەی "رووناکی" ئاووهەوای هەولێر و شارەکانی کوردستانی پاک کردەوە.
14. سەوزکردنی شار و شارۆچکەکان ژینگە پاک دەکاتەوە و بۆ تەندروستیی هاووڵاتییان پێویستە.
15. پێشتر هەوڵی بڕینی دارستانەکان درا بۆ زەحمەتکردنی ژیانی خەڵکی کوردستان.
16. ئێستاش دەستێکی رەش هەوڵی تیرۆرکردنی کوردستان و لەناوبردنی ژێرخانەکەی دەدات.
17. پەلاماردانی کۆرمۆر و ژێرخانی کارەبا تاوانە بەرانبەر هەموو خەڵکی کوردستان و عێراق.
18. داوا دەکەین لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی کۆرمۆر زوو بگاتە ئەنجام.
19. پێویستە ئەنجامدەران و ئەوانەی لە پشت تاوانی کۆرمۆرن ئاشکرا بکرێن و سزا بدرێن.
20. هێرشکردنە سەر کۆرمۆر تاوانە دژی خەڵکی بێتاوان و بە هیچ جۆرێک قبووڵکراو نییە.
21. بۆ هاوکاریکردنی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەسەر هێڵین.
22. پاراستن و ئاوەدانکردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەرکی هەموومانە.
23. رۆژانە پڕۆژە جێبەجێ دەکەین بۆ ئەوەی ژیانی خەڵک بەختەوەرتر بێت.
24. لە هیچ شتێک سڵ ناکەینەوە بۆ پاراستن و رێگریکردن لە دابەشکردنی کوردستان.
25. بە هەموو توانامانەوە رووبەڕووی هەوڵەکانی لاوازکردن کوردستان دەبینەوە.
26. رژێمەکانی پێشوو سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی و کەمکردنەوەی رووبەری کوردستانیان پەیڕەو دەکرد.
27. دڵنیام هەموو کوردستانییەکی دڵسۆز رووبەڕووی هەڵمەتەکانی دابەشکردنی هەرێم دەوەستێتەوە.
28. لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان و سەوزکردن و ئاوەدانکردنەوەی کوردستاندا درێغی ناکەین.
29. نەمامەکانی ئەم پڕۆژەیە لە وڵاتی یۆنانەوە هاوردە کراون بۆ هەولێر.
30. سوپاسی حکوومەتی یۆنان و کۆمپانیای "دۆسکی هۆڵدینگ" دەکەین بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە.
31.  هیوادارم هەموو سەرمایەداران کە توانایان هەیە ئەم جۆرە پڕۆژانە جێبەجێ بکەن.
32. حکوومەت پشتگیریی هەموو سەرمایەدار و بازرگانێک دەکات پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ بکات.
33.  ئینشائەڵڵا کوردستانمان رۆژ بە رۆژ بەرەو پێشەوە بچێت، ئاوەدانتر بێت و سەوزتر بێت.

 

قۆناخی دووەم:

- ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.

- لە گوندی گەزنە لەسەر رێگەی سەرەکیی (هەولێر - دهۆک) و لە سێبیران لەسەر رێگەی (هەولێر - خەبات) جێبەجێ دەکرێت.

- لەسەر رووبەری 10 هەزار دۆنم زەوی و لە چوار بەشدا جێبەجێ دەکرێت.

- لە بەشی یەکەمدا 500 هەزار داری زەیتوون دەچێندرێن و لە تەواوی قۆناخەکەدا نزیکەی یەک ملیۆن و 800 هەزار دار دەچێندرێن.

- سێ پۆندی ئاودێری و کارگەیەکی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون لەم قۆناخەدا دروست دەکرێن.

- کارەکان لە 11ـی تەممووزی ئەمساڵەوە دەستیان پێکردووە و بریتی بوون لە پاککردنەوە و ئامادەکردنی زەوی، دانانی سیستەمی ئاودێری و دروستکردنی پەرژین.

- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دڵنیایی داوە، مافی جووتیاران و خاوەن زەوییەکان دەپارێزرێت و قەرەبوو دەکرێنەوە.

 

قۆناخی یەکەم:

- لە 30ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە لایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییەوە دەستیپێکرد.

- لەسەر رووبەری 15 هەزار و 200 دۆنم جێبەجێ کرا و تیایدا نزیکەی 700 هەزار داری زەیتوون و حەوت هەزار داری پرتەقاڵ چێندران.

 

 پلانی گشتی و ئامانجەکانی پڕۆژەکە

- بە درێژیی 83 کیلۆمەتر و پانیی دوو کیلۆمەتر بە دەوری شاری هەولێردا دروست دەکرێت و لە هەشت زۆن پێکدێت.

- پلانی گشتیی پڕۆژەکە چاندنی نزیکەی حەوت ملیۆن دارە.

- ئامانجی پڕۆژەکە زیادکردنی رووبەری سەوزایی، کەمکردنەوەی خۆڵبارین، پاراستنی ژینگە و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوایە.