زەیدی: هیچ بستێکی خاکی عێراق بۆ قاچاخچێتی و دزی نامێنێتەوە
"ئەوەی لە ژێر ناوێکی دیاریکراودا لە بژێوی عێراقییەکان دەدزرا ئاشکرا کرا"
سەرۆکوەزیرانی عێراق، رایگەیاند: هیچ بستێک لە خاکی عێراق بۆ قاچاخچێتی و دزی نامێنێتەوە؛ هاوکات جەختی کردەوە کە دەسەڵاتی دادوەری دەوڵەتی دەوێت و بە رێژەی 100% پاڵپشتیی ئەو فەرماندە و بەرپرسانە دەکات کە دزینی بژێوی عێراقییەکانیان ئاشکرا کردووە.
یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە گوتارێکدا لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی، ئەمنی و بەرپرسان، ستایشی ئەو کەسانەی کرد کە دزینی بژێوی عێراقییەکانیان ئاشکرا کردووە و هۆشداریشی دایە ئەوانەی پێیان وایە لە چاودێری دوورن.
هاوکات پەیامێکی توندی دژی قاچاخچێتی و دزینی سامانی گشتی راگەیاند و جەختی کردەوە کە هیچ بستێکی عێراق بۆ قاچاخچێتی و دزی نامێنێتەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداریشی دایە ئەو لایەنانەی پێیان وایە لە چاودێری دوورن و گوتی: ئەوەی پێشبینی دەکات هیچ چاوێک نییە چاودێریی بکات، هەڵەیە و با پێداچوونەوە بە حیساباتەکانیدا بکاتەوە.
بە ئامادەبووانیشی راگەیاند: "وەک نیشتمان سەیری هەر یەکێک لە ئێوە دەکەم؛ چونکە نیشتمان تەنیا خاک نییە، بەڵکو مرۆڤێکی بە شەڕەفە کە راستی دەڵێت و ناترسێت.
سەبارەت بە رۆڵی دەسەڵاتی دادوەری، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد، دەسەڵاتی دادوەریی عێراق خوا پاداشتیان بداتەوە و سوپاسیان دەکەین بە رێژەی 100% پاڵپشتتانە؛ دادگا دەوڵەتی دەوێت.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، زەیدی وەڵامی ئەو بۆچوونانەی دایەوە کە گومانیان لە توانای هێزەکان هەبوو و گوتی: "دوێنێ پێیان گوتم تۆ هەڵەیت، ئەو هێزانەت نییە کە بتوانن رووبەڕووی ئەوانە ببنەوە؛ منیش پێم گوتن ئەگەر هێزەکانمان بێ توانا بوون، گەلەکەم دەهێنمە دەرەوە و پێیان دەڵێم وەرن شەڕ لەسەر مافەکانتان بکەن."
سەرۆکوەزیران روونی کردەوە، "هێزەکانمان تەنیا پێویستیان بە پیاوێکی مەردە پێیان بڵێت دەربچن و من لەگەڵتانم؛ هەر ئەمەیان دەوێت."