کۆشکی سپی هەنگاوەکانی ئیدارەی ترەمپ لە بواری سەلامەتیی فڕۆکەوانیدا دەخاتەڕوو

کۆشکی سپی لە بڵاوکراوەیەکدا زنجیرەیەک هەنگاو و بڕیاری ئیدارەی ترەمپی بڵاوکردووەتەوە، بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییانی ئەمریکا لە کەرتی فڕۆکەوانیدا گیراونەتە بەر.

یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کۆشکی سپی بڵاویکردوونەتەوە، لە 21ـی کانوونی دووەمی 2025ـدا بڕیاری پاراستنی سەلامەتیی ئەمریکییەکان لە فڕۆکەوانیدا واژۆکراوە، تێیدا فەرمان بە ئیدارەی فڕۆکەوانیی فیدراڵی  و وەزارەتی گواستنەوە  کراوە دامەزراندن لەسەر بنەمای لێهاتوویی بگەڕێننەوە و سیاسەتەکانی فرەچەشنی، دادپەروەری و گشتگیری هەڵبوەشێننەوە. هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە  لە 30ـی کانوونی دووەمی 2025ـدا، فەرمان بە هەڵسەنگاندنی دەستبەجێی سەلامەتیی فڕۆکەوانی کراوە.

سەبارەت بە تەرخانکردنی بودجە بۆ ژێرخانی فڕۆکەوانی، کۆشکی سپی ئەوەی خستووەتە روو کە لە رێگەی بڕی 12.5 ملیار دۆلارەوە لە چوارچێوەی کەمکردنەوەی باجی خێزانە کرێکارەکان، پارە بۆ نوێکردنەوەی بەشەکیی سیستمی کۆنترۆڵی هاتوچۆی ئاسمانی  تەرخان کراوە. بەپێی بڵاوکراوەکە، ئەم هەنگاوە گۆڕینی سیستەمە کۆنەکانی رادار و رادیۆ، لەگەڵ فراوانکردنی هێزی کار و راهێنان بۆ چارەسەرکردنی کەمیی کۆنترۆڵکەران لەخۆ دەگرێت.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی کۆشکی سپیدا ئاماژە بە دوو فەرمانی جێبەجێکاری کراوە، یەکەمیان فەرمانی جێبەجێکاریی گەڕاندنەوەی سەروەریی ئاسمانیی ئەمریکایە، کە بە گوتەی کۆشکی سپی، ئاسایشی ئاسمانی بەهێز دەکات و ژێرخانی هەستیار لە هەڕەشەی درۆنەکان دەپارێزێت. دووەمیشیان فەرمانی جێبەجێکاریی پێشەنگایەتیکردنی جیهان لە فڕینی خێراتر لە دەنگـە، کە وەک لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە، بەربەستە رێکخراوەییەکان لادەبات بۆ پێشخستنی فڕۆکەوانیی خێراتر لە دەنگ (سوپەرسۆنیک) و داهێنانی ئەمریکا لە بواری فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسماندا.

ئەم راگەیەنراوەی کۆشکی سپی دوای ئەوە هات، 14ـی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەوانیی فیدراڵیی ئەمریکا، جووڵەی گەشتە ئاسمانییەکانی لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی وڵاتەکە راگرت، ئەمەش لە چوارچێوەی بڕیارێکدا کە بە دەگمەن وەسف کرا و هۆکارەکەشی بۆ بارودۆخی نائاسایی و هۆکاری پەیوەست بە سەلامەتی گەڕێندرایەوە.

بە گوێرەی راگەیەنراوی بەشی چاودێریی جووڵەی ئاسمانی لە دەستەی فڕۆکەوانیی فیدراڵیی ئەمریکا، پێویستە سەرجەم ئەو فڕۆکانەی گەشتی دەرچوونیان هەیە، تا ئاگادارییەکی تر لەسەر زەوی بمێننەوە و گەشتەکانیان ئەنجام نەدەن، هەروەها مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گەشتە نێودەوڵەتییانەی دەگەنە خاکی ئەمریکا، بەپێی بارودۆخی هەر حاڵەتێک بە جیا ئەنجام دەدرێت.

ئەم بڕیارە یەکێکە لە رێکارە هەرە دەگمەنەکان کە جووڵەی گەشتە ئاسمانییەکان لەسەر ئاستی تەواوی وڵاتەکە لەخۆ دەگرێت؛ چونکە بە شێوەیەکی گشتی لە کاتی روودانی کێشەدا پەنا بۆ ڕاگرتنی سنووردار یان بەشەکیی گەشتەکان لە چەند فڕۆکەخانەیەکی دیاریکراودا دەبردرێت، لە کاتێکدا راگرتنی سەرجەم گەشتە دەرچووەکان لە هەموو فڕۆکەخانەکانی ئەمریکادا بە هەنگاوێکی تەواو نائاسایی و چاوەڕواننەکراو دادەنرێت.