کارەبای سۆران: قەرزی پێش پرۆژەی رووناکی کراوەتە قیستی مانگانە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سۆران ئاگاداری سەرجەم هاوبەشانی کارەبا دەکاتەوە کە قەرزە کۆنەکانی پێش جێبەجێکردنی پڕۆژەی "رووناکی" کراونەتە قیستی مانگانە، و لەگەڵ پسوولەی داهاتوودا بە شێوەی بەشەکی هەژمار دەکرێن.
یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سۆران روونی کردووەتەوە، لەبەر ئەوەی قەرزی پێش پڕۆژەی رووناکی کراوەتە قیستی مانگانە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بە شێوەی بەشەکی لەگەڵ پارەی پڕۆژەی رووناکی بیدەنەوە، ئێستا قەرزە کۆنەکان لە سەکۆی ئەلیکترۆنیی "ئی پسوولە" بە سفر پیشان دەدرێن.
بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سۆران جەختیشی کردووەتەوە کە ئەم گۆڕانکارییە تەنیا لە چوارچێوەی رێکخستنەوەی سیستەمی قیستەکاندایە و لەگەڵ دەرچوونی پسوولەی داهاتوودا، بڕی قیستە مانگانەکە بە شێوەیەکی ئاسایی هەژمار دەکرێتەوە.
23ـی ئەیلوولی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا مۆڵەتێکی دیکە بداتە هاوبەشانی کارەبا بۆ سوودمەندبوون لە داشکاندنی 50%ـی قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی "رووناکی".
پێشتر حکوومەت چەندین جار بڕیاری لێخۆشبوونی رێژەیی بۆ قەرزی کارەبا دەرکردووە تاوەکو هانی هاووڵاتییان بدات قەرزە کەڵەکەبووەکانیان بدەنەوە و داهاتی گشتی بۆ خەزێنەی حکوومەت بگەڕێتەوە. ئەم هەنگاوەش وەک دوایین دەرفەت راگەیەنرابوو بەر لەوەی رێکارە ناچارییەکان جێبەجێ بکرێن و قەرزەکان بەزۆر بخرێنە سەر تێچووی مانگانەی کارەبا.