سوپای پاسداران: لە گەرووی هورمز کەشتییەکی نەوتهەڵگر ئاگری گرت
هێزی دەریاییی سوپای ئێران رایگەیاند، تکەشتییەکی نەوتهەڵگر کە بە "سەرپێچیکار" ناوی برد، دوای ئەوەی کاتژمێرێک پێشتر لە رۆژهەڵاتی گەرووی هورمز خۆی بە مینێکی دەریاییدا کێشا، ئاگری تێبەربوو. هاوکات لەگەڵ ئەم رووداوەدا، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە دوورگەی قشم لە نزیک گەرووەکە چالاک کران.
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریایییەکانی بەریتانیا رایگەیاند، لە دەسەڵاتدارانی کەشتیوانیی هیندستانەوە ئاگادار کراونەتەوە کەشتییەک لە کاتی تێپەڕبوونی بەرەو رۆژهەڵات بە کەنداوی عەرەبیدا و پێش ئەوەی بچێتە ناو گەرووی هورمز، رووبەڕووی هێرش بووەتەوە. دەستەکە جەختی کردەوە، سەرجەم ئەندامانی تیمی کەشتییەکە سەلامەتن.
لە بەرامبەردا، تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاوی کردەوە، لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا، پێنج کەشتی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز خۆیان بە میندا کێشاوە و ئاگریان تێبەربووە.
هەروەها میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، ئێوارەی یەکشەممە دوای ئەوەی مووشەکێکی نامۆ لە ئاسمانی دوورگەی قشم بینرا، تاران بەرگرییە ئاسمانییەکانی لەو دوورگەیە چالاک کرد.
پێشتر سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند،درۆنێکی ئەمریکی لە جۆری "ئێم کەیۆ-1"ی لە ئاسمانی دوورگەی قشم تێک شکاند.
هاوکات لە چەند رۆژی رابردوودا، دەنگی تەقینەوە لە دوورگەی قشم، بەندەر عەباس لە باشووری ئێران و بەندەر ماهشەهر لە پارێزگای خووزستان بیسترا.
کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز، کە رێڕەوی گواستنەوەی نزیکەی 1/5ـی نەوتی جیهانە، بووەتە خاڵێکی ناکۆکیی سەرەکی لەو دانوستانانەی ئامانجیان کەمکردنەوەی گرژییەکانە لەگەڵ ئێران.
لەگەڵ پەککەوتنی دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بە مەبەستی کردنەوەی دووبارەی ئەو رێڕەوە ئاوییە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەنای بۆ گوشارە ئابوورییەکان بردەوە، کە لە سزا و گەمارۆکانی ئەمریکادا بەرجەستە دەبێت.