ئێران دەرگای لێکگەیشتنی لەگەڵ ئەمریکا داخست
ئێران دەرگای گەیشتن بە لێکگەیشتنی لەگەڵ ئەمریکا لەم کاتەدا داخست و واشنتن تۆمەتبار دەکات بەوەی دیپلۆماسی بۆ کات کوشتن و ئامادەکاری بۆ هێرشێکی دیکە بەکاردەهێنێت.
کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی ئێران گوتی: "واشنتن لە وەڵامدانەوەی پێشنیازەکەی ئێراندا، جێبەجێکردنی هەندێک مەرجی بۆ قۆناخەکانی داهاتوو دواخستووە، ئەمەش مانای ئەوەیە لەم بارودۆخەدا ناکرێت بگەینە لێکگەیشتنێک".
غەریبئابادی روونیکردەوە، ئەمریکا سەلماندی جێگەی متمانە نییە. گوتیشی: "پێش هەموو شتێک، دەبێت ئەمریکا ئەو گەرەنتییانە پێشکەش بکات کە سەرجەم مەرجەکانی ئێران جێبەجێ دەکرێن".
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها روونیکردەوە، ماوەی پلانی تاران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز لە 7 رۆژەوە بۆ 2 رۆژ کەمبووەتەوە.
لای خۆیەوە محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران حەوت مەرجەکەی وڵاتەکەی بیرهێنایەوە و جەختیکردەوە، رێگەی گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا هێشتا کراوەیە ئەگەر واشنتن مەرجەکان قبووڵ بکات. قالیباف ئەوەشی خستەڕوو، ئێران لە دۆخی "نە جەنگ و نە ئاشتی"دا نامێنێتەوە.
هاوکات ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەگەری قبووڵکردنی راگرتنی کاتیی پیتاندنی یۆرانیۆمی لەلایەن وڵاتەکەیەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بەدوور زانی.
مانگی رابردوو ئێران پێشنیازێکی پێداچوونەوەکراوی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز پێشکەشکرد کە بۆ هاتووچۆی نێودەوڵەتی گرنگە. پێشنیازەکە جەخت لەسەر پێویستیی هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران، هەڵگرتنی گەمارۆکان، راگرتنی جەنگ لە سەرجەم بەرەکان، ئازادکردنی سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران لە دەرەوە، پێدانی قەرەبوو لەسەر جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل، پێشکەشکردنی گەرەنتیی ئەمنی و دانپێدانان بە بەڕێوەبردنێکی هاوبەشی ئێرانی-عەمانی بۆ گەرووی هورمز دەکاتەوە.
تاران پێشتر روونیکردبووەوە، لە ئەگەری جێبەجێکردنی سەرەتایی ئەو مەرجانە یان زۆربەیان، رێڕەوە ئاوییەکە لە ماوەی 2 رۆژدا دەکرێتەوە.
لە بەرامبەردا، کاردانەوەی ئەمریکا تا ئێستا رەتکردنەوەی ئەو مەرجانە یان بەشێکیان بووە، هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی و سیاسەتی "خنکاندنی ئابووری" لەسەر تاران، کە ئیدارەی ئەمریکا بە سیاسەتێکی سەرکەوتوو و کاریگەری دەزانێت.