سێ سەنتەری ئۆتیزم لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکرێنەوە
لەپێناو هاوکاری و ئاسانکاری بۆ ئەو خێزانانەی منداڵی تووشبووی ئۆتیزمییان هەیە، سێ سەنتەری حکومی ئۆتیزم لە شارەکانی سۆران و چۆمان و رواندز دەکرێنەوە و لیژنەیەک بۆ وەرگرتنی منداڵان و دیاریکردنی ئاستی تووشبوون بە ئۆتیزم پێکهێندراوە.
ئەمڕۆ دووشممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، ئیبراهیم محەمەد، بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی چۆمان بە کوردستان24 ـی گوت، بڕیاری کردنەوەی سەنتەری حکومی تایبەت بە تووشبووانی ئۆتیزم لە چۆمان دەرچووە و داوا لەو خێزانانە دەکرێت منداڵی ئۆتیزمییان هەیە سەردانیان بکەن و ناویان تۆمار بکەن،
گوتیشی، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 40 خێزان ناوی تۆمارکردووە و بەشێک لە خێزانەکانیش ناویانەوێت ناوی منداڵەکانیان تۆمار بکەن.
بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی چۆمان ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەیەک پێکهێندراوە و لیژنەکە و ئاستی تووشبوون بە ئۆتیزم دیاری دەکات و بڕیار لەسەر وەرگرتنیان لە سەنتەرەکان دەدات.
لە هەریەکە لە چۆمان و سۆران و رواندز رێکارەکانی کردنەوەی سەنتەری تایبەت بە تووشبووانی ئۆتیزم دەستیپێکردووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا سەنتەرەکان بە پێشکەوتووترین پێداویستییەوە دەکرێنەوە و بە سەدان تووشبوو لەو سەنتەرانە خزمەت دەکرێن و راهێنانیان پێدەکرێت. کردنەوەی ئەو سەنتەرانە لە کاتێکدایە زیاتر لە 200 منداڵی ئۆتیزم لەو سنوورە هەن و تاوەکو ئێستا هیچ سەنتەرێکی حکومی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران نییە.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانمان پێشتر تەنیا 10 سەنتەری ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان هەبوون، بەڵام ئێستا زیاتر لە 55 سەنتەری تایبەت بە ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان هەن.