لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 1600 پڕۆژە لە دهۆک جێبەجێ کراون
لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 1600 پڕۆژە لە پارێزگای دهۆک جێبەجێ کراون و رێژەی تەواوبوونی پڕۆژەکان لەو پارێزگایە لە 80% تێپەڕیوە، لە کاتێکدا داواکاری ئاراستەی سەرۆکی حکوومەت کراوە بۆ تەواوکردنی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە کارکردن تێیاندا وەستاوە.
ماجد سەیدساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە دوای سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پارێزگای دهۆک، چەندین داواکارییان ئاراستە کراون، کە دیارترینیان بریتی بووە لە تەواوکردنی ئەو پڕۆژە تەواونەکراوانەی بەهۆی نەبوونی نەختینە و خەرجنەکردنی پارەی کۆمپانیای بەڵێندەرەکانەوە کارەکانیان پەک کەوتووە.
جێگری پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژە وەستاوەکان لە چەندین سێکتەری جیاوازدان، لەوانە پەروەردە، رێگاوبان، ئاوەڕۆ و تەندروستی، بەڵام تەواوکردنی چەند قوتابخانەیەک و پڕۆژەیەکی رێگاوبان لە پێشینەی کارەکانن و پێویستە پەلە لە تەواوبوونیان بکرێت.
سەبارەت بە دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەم لەو پارێزگایە، ناوبراو ئەوەی خستە روو کە لە سەردەمی ئەم کابینەیەدا هەزار و 600 پڕۆژە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا لە دهۆک جێبەجێ کراون و زیاتر لە 80%ـی پڕۆژەکان تەواو کراون، هاوکات چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی دیکەش لە قۆناخی جێبەجێ کردندان، لەوانە پڕۆژەی دووسایدی باعەدرێ و ئیتێ کە 70%ـی کارەکانی تەواو بووە، پڕۆژەی پارکی ئالوکایە، و پڕۆژەی ئاوی بەردەڕەش کە ئاوی 80 گوند دابین دەکات، جگە لە چەندین پڕۆژەی دیکە لە کەرتی رێگاوبان، کارەبا و تەندروستیدا.
لە لایەکی دیکەوە، ئیدارەی پارێزگای دهۆک بۆ خۆپاراستن لە مەترسییەکانی لافاو، هەڵمەتێکی فراوانی دەست پێکردووە و تێیدا زۆرینەی مەنهوڵ و ئاوەڕۆکانی پاک کردووەتەوە، هەروەها ژمارەیەک پڕۆژەی نوێش بۆ رێگری لە دروستبوونی لافاو جێبەجێ دەکرێن.