عێراق بڕیاری داخستنی تێلێگرامی دا

دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری داخستنی ئەپڵیکەیشنی تێلێگرامی لە وڵاتەکەدا دا و ماوەی 30 رۆژیش دەداتە کۆمپانیای بەڕێوەبەر بۆ رێکخستنەوەی دۆخی یاسایی خۆی. 

ئەمڕۆ دووشەممە، 16ی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە پشتبەستن بە دەسەڵاتە پێدراوەکانی فەرمانی یاسادانانی ژمارە 65ـی ساڵی 2004، هەموارکراو بە فەرمانی ژمارە 100، بڕیاری داخستنی ئەپڵیکەیشنی تێلێگرامیان لە عێراق داوە، ئەمەش بەهۆی پابەندنەبوونی کۆمپانیای بەڕێوەبەری پلاتفۆرمەکە بە پێداویستییە یاسایی و رێکخستنە کارپێکراوەکان.

دەستەکە روونیشی کردەوە، کۆمپانیای بەڕێوەبەری تێلێگرام رێکاری پێویستی بۆ چارەسەرکردنی ناوەڕۆکە نایاساییەکانی سەر پلاتفۆرمەکە نەگرتووەتە بەر و پابەندی یاساکانی عێراق نەبووە، هەر ئەمەش وای کردووە ئەم رێکاری رێکخستنەی بەرانبەر بگیرێتە بەر و ماوەی 30 رۆژی پێ بدرێت تا دۆخی یاسایی خۆی رێک بخاتەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی رێکخستنی دەستەکەدایە بۆ سنووردارکردنی بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لە بڵاوکردنەوەی گوتاری توندڕەوی، هاندان بۆ ئاژاوەگێڕی، توندوتیژی و رقوکینە، جگە لە بەکارهێنانیان لە ئەنجامدانی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و هەڕەشەکردن لە ئاسایشی نیشتمانی.

دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق جەختی کردەوە، ئامانج لە داخستنی تێلێگرام ناچارکردنی کۆمپانیاکەیە بە پێداچوونەوە بە ناوەڕۆکی عێراقیی بڵاوکراوە لە ئەپڵیکەیشنەکەدا، گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ رێگریکردن لە سەرپێچییەکان و هاوکاریکردن لەگەڵ دەستەکەدا بەگوێرەی چوارچێوە یاساییە پەسەندکراوەکان.

ئەوەشی خستەروو، پابەندبوونی کۆمپانیا بەڕێوەبەرەکان بە یاسا عێراقییەکان بنەمایەکە بۆ بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانیان لە وڵاتدا، هاوکات پاراستنی کۆمەڵگە و پارێزگاریکردن لە ئاسایشی نیشتمانی کاری لەپێشینەن لە رێکخستنی کاری پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکاندا.

بڕیارەکەی ئەمڕۆی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق سێیەم جارە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەپڵیکەیشنی تێلێگرام لە عێراق رادەگیرێت. یەکەم جار لە ئابی 2023ـدا بوو، ئەو کات وەزارەتی گەیاندنی عێراق بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و رێگریکردن لە دزەپێکردنی زانیاریی کەسیی هاووڵاتییان و دامەزراوە فەرمییەکان ئەپڵیکەیشنەکەی داخست، بەڵام چەند رۆژێک دواتر و دوای ئەوەی کۆمپانیاکە چەند کەناڵێکی سەرپێچیکاری سڕییەوە، خزمەتگوزارییەکە کرایەوە.

جارێکی دیکە لە 3ی نیسانی 2026، تێلێگرام لە پارێزگاکانی عێراق بێجگە لە هەرێمی کوردستان داخرا، سەرچاوە حکوومییەکان هۆکارەکەیان بۆ رێگریکردن لە چالاکیی گرووپە چەکدارەکان، کەمکردنەوەی هێرشی درۆن و پاراستنی داتای کەسیی هاووڵاتییان گەڕاندەوە، لەو ماوەیەشدا بەکارهێنەران پەنایان بۆ بەرنامەکانی VPN دەبرد. 

دواتر لە 9ی ئایاری 2026، دەستەی راگەیاندن و گەیاندن کردنەوەی تێلێگرامی لە سەرتاسەری عێراق راگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی کارگێڕیی تێلێگرام بەڵێنی دا پابەندی یاسا عێراقییەکان، رێکخستنی ناوەڕۆک و پاراستنی بەکارهێنەران بێت بەگوێرەی فەرمانی ژمارە 65ـی ساڵی 2004، دەستەکەش دووپاتی کردەوە بە کردەیی چاودێریی جێبەجێکردنی بەڵێنەکان دەکات.