گوتەبێژی حکوومەتی عێراق: دەچینە نێو "جورف سەخر"
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە دەستکاریکردنی بۆڕییەکانی نەوت و هەبوونی دوو پاڵاوگە، تانکەر و کۆگای هەڵگرتنی نەوتی لە ناوچەی "جورف سەخر" ئاشکرا کردووە، هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بڕیاری چوونی هێزە چەکدارەکانی بۆ ناوچەکە داوە و ماوەی دەرچوونی کەتیبەکانی حزبوڵڵاش دیاری کراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ی تشرینی دووەمی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)، رایگەیاند، دۆسیەی "جورف سەخر" چەندین ساڵە وەک دۆسیەیەکی داخراو باس دەکرێت، بەڵام حکوومەت بە پشتبەستن بە دەسەڵاتە یاساییەکانی و بەرپرسیارێتیی دەستووری لە پاراستنی سامانی گشتیدا، رێکاری بۆ بەدواداچوونی گومانەکانی بەقاچاخبردنی نەوت گرتووەتە بەر.
حەیدەر عەبوودی ئاماژەی بەوە دا، لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە پشکنینی بۆ شەش شوێن کردووە و چووەتە شوێنە دیاریکراوەکانی ناو راپۆرتی ئاژانسی هەواڵگری. روونیشی کردەوە، لیژنەکە دەستکاریکردنێکی روونی لە بۆڕییە نەوتییەکانی ناوچەکەدا تۆمار کردووە، سەرەڕای هەوڵدان بۆ داپۆشین و شاردنەوەی شوێنەواری ئەو دەستکاریکردنە، هاوکات هەبوونی دوو پاڵاوگەی لەگەڵ تانکەرێک و کۆگاکانی هەڵگرتن لە ناوچەکەدا دەستنیشان کردووە.
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ئەوەشی خستەروو، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان جەختی لە پێویستیی جێبەجێکردنی تەواوی ئەرکەکان لە لایەن سەرجەم بەرپرسانی ئاسایشەوە لە سنووری بەرپرسیارێتییەکانیان کردووەتەوە تا رێگە بە دەستدرێژیکردنە سەر سامانی وڵات و بەتایبەت سامانی نەوتی گەلی عێراق نەدرێت. گوتیشی، راسپاردەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان تەنیا بە ناوچەیەکی دیاریکراوەوە نەبەستراونەتەوە، بەڵکوو هەموو ئەو ناوچانە دەگرنەوە گومانی بەقاچاخبردنی نەوتیان تێدا دەستنیشان کراوە.
حەیدەر عەبوودی باسی لەوەش کرد، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی داوە تێوەگلاوان و تەواوی دۆسیەکە رەوانەی دادگا بکرێن و دەستەی دەستپاکیش رۆڵی خۆی لە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە جورف سەخر بگێڕێت، هەروەها دەزگا پەیوەندیدارەکانی ئاسایشی راسپاردووە رێگری لە هەر دیاردە و نیشانەیەکی دەرچوونی تانکەرەکانی گواستنەوەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان بکەن.
دووپاتیشی کردەوە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی چوونی هێزە چەکدارەکانی بۆ ناوچەی جورف سەخر دەرکردووە و ماوەیەکیش بۆ دەرچوونی گرووپە چەکدارەکە (کەتیبەکانی حزبوڵڵا) لەو ناوچەیە دیاری کراوە و ئەو ماوەیەش نزیکە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بەوە کرد، چوونی هێزەکانی ئاسایش دۆخی ئاسایی بەڕێوەبردنی شار، شارۆچکە و هەموو ناوچەکانی عێراقە، لەبەر ئەوەی بەرپرسیارێتیی ئاسایش لە ئەستۆی هێزە رێپێدراوە یاساییەکاندایە و بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کار دەکەن، هێزە چەکدارەکانی عێراقیش بە سەرکردایەتیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان توانای خۆیان لە پاراستنی خاکی عێراق، دابینکردنی سامانەکەی و پاراستنی ژیانی دانیشتووانەکەی دەسەلمێنن.
راشیگەیاند، هێزە پەیوەندیدارەکانی ئاسایش بە کردەیی دەستیان بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان کردووە بۆ بەدواداچوونی گومانەکانی بەقاچاخبردنی نەوت لە چەند ناوچەیەکدا نەک تەنیا لە جورف سەخر.
سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، حەیدەر عەبوودی گوتی، حکوومەت بەگوێرەی دەستوور کار لەسەر دۆسیەکە دەکات، دەستووریش دەسەڵاتەکانی هەرێمی لە چوارچێوەی وڵاتی عێراقدا دیاری کردووە و دەسەڵاتەکانی هەرێم بەو واتایە نین دەرچوون هەبێت لە سنوورە دەستوورییە رێکخەرەکانی پەیوەندیی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێم.
هەروەها باسی لە هەبوونی هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و نیشانەی پەسەندکراو کرد لەسەر هاوکاری لەگەڵ نوێنەرانی دەزگا ئاسایشییە راسپێردراوەکانی حکوومەتی فیدراڵی بۆ بەدواداچوونی گومانەکانی بەقاچاخبردنی نەوت.
سەرهەڵدانی دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە جورف سەخر
ناوچەی جورف سەخر دەکەوێتە باکووری پارێزگای بابل و باشووری رۆژئاوای بەغدا. دوای دەرکردنی رێکخراوی داعش لە تشرینی یەکەمی 2014ـدا، ئەنجوومەنی پارێزگای بابل لە تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا ناوەکەی گۆڕی بۆ "جورف ئەلنەسر". لەو کاتەوە بۆ ماوەی نزیکەی 12 ساڵە دانیشتووانە رەسەنەکەی ناوچەکە وەک ئاوارە ماونەتەوە و رێگەی گەڕانەوەیان پێ نەدراوە، هاوکات ناوچەکە لە ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان و بەتایبەت کەتیبەکانی حزبوڵڵادا بووە و بۆ هێزە فەرمییەکانی عێراق و دەسەڵاتی خۆجێیش داخراو بووە، هەروەها لە ساڵانی 2023 و 2024ـیشدا چەند جارێک بنکەکانی ئەو گرووپانە لەو ناوچەیەدا بوونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا.
ئەم پێشهاتە نوێیانە دوای ئەوە دێن لە 8ی تشرینی دووەمی 2026ـدا عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئاسایشی کرد تایبەت بە بەقاچاخبردنی نەوت لە جورف سەخر و فەرمانی کشانەوەی کەتیبەکانی حزبوڵڵا، راگرتنی دەرچوونی تانکەرە نەوتییەکان و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی لە لایەن سوپا، وەزارەتی ناوخۆ و دەزگاکانی هەواڵگرییەوە دەرکرد.
هەر بۆ ئەم پرسە لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە بە سەرۆکایەتیی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و ئەندامێتیی دەزگاکانی هەواڵگری، ناوخۆ، دەستپاکی و وەزارەتی نەوت پێک هێنرا. هاوکات دوێنێ یەکشەممە، 15ی تشرینی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ چەند گومانلێکراوێکی دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوتی جورف سەخر دەرکرد.
لێکۆڵینەوە راستەوخۆکانی لیژنەکە تەنیا لە جورف سەخر نەوەستاون، بەڵکوو تۆڕەکانی بەقاچاخبردنی نەوت و پاڵاوگە نایاساییەکان لە پارێزگاکانی بەسرە، سەڵاحەددین، کەرکووک و ئەنباریش ئاشکرا کراون. لەسەر ئاستی سیاسی و ناوچەیی، هەنگاوەکەی حکوومەتی عێراق کاردانەوەی لێ کەوتووەتەوە، لەوانە پەرلەمانتاران و لایەنە سوننەکان جارێکی دیکە داوای گەڕانەوەی ئاوارەکانی جورف سەخریان کردووەتەوە، هاوکات عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری رێبەری باڵای ئێران هۆشداریی دژی هەوڵەکانی دوورخستنەوەی گرووپە چەکدارەکان لەو ناوچەیە داوە و سەرچاوە ئاسایشییەکانیش باس لە ئەگەری رادەستکردنی دۆسیەی ئاسایشی ناوچەکە بە لیوای تەفووف دەکەن.