ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی: مانگی رابردوو نزیکەی 7 هەزار حاڵەتی تەڵاق لە عێراق تۆمارکراوە

بەگوێرەی ئامارێکی فەرمی  ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڵاویکردووەتەوە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا لە سەرۆکایەتیی دادگاکانی تێهەڵچوونەوەی عێراق، کۆی گشتیی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری گەیشتووەتە 33  هەزار و 377 گرێبەست و لە بەرامبەریشدا 6 هەزار و 600 حاڵەتی جیابوونەوە (تەڵاق) تۆمارکراون.

دووشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2026، وەک لە خشتە بڵاوکراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریدا هاتووە، بەرزترین ئامار لە سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغداد / رەسافە تۆمارکراوە، 4 هەزار و 440 هاوسەرگیری و هەزار و 407 جیابوونەوە بووە، هاوکات لە بەغدا / کەرخ 3  هەزار و 798 هاوسەرگیری و هەزار و 85  حاڵەتی جیابوونەوە هەبووە. لە دوای رەسافەش، دادگای تێهەڵچوونەوەی نەینەوا لە رووی زۆرترین گرێبەستی هاوسەرگیرییەوە بە 3  هەزار و 900 هاوسەرگیری و 656 جیابوونەوە دێت، هەروەها لە بەسرە 2  هەزار و 996 هاوسەرگیری و 672  جیابوونەوە تۆمار کراون.

سەبارەت بە ناوچەکانی دیکە، ئامارەکە دەریخستووە کە لە دادگای تێهەڵچوونەوەی بابل 2  هەزار و 73  هاوسەرگیری و 275 جیابوونەوە، لە زیقار 2  هەزار و 38  هاوسەرگیری و 253  جیابوونەوە، لە ئەنبار هەزار و 741  هاوسەرگیری و 331  جیابوونەوە و لە نەجەف هەزار و 719  هاوسەرگیری و 240  جیابوونەوە تۆمار کراون. هەروەها لە کەربەلا هەزار و 557 هاوسەرگیری و 321  جیابوونەوە، لە سەلاحەدین هەزار و 507  هاوسەرگیری و 151  جیابوونەوە، لە دیالە هەزار و 445 هاوسەرگیری و 253  جیابوونەوە و لە کەرکووکیش هەزار و 432  هاوسەرگیری و 270  حاڵەتی جیابوونەوە هەبووە.

لە بەشێکی دیکەی ئامارەکەدا هاتووە، لە دادگای تێهەڵچوونەوەی واست هەزار و 383  هاوسەرگیری و کەمترین حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە کە 123 حاڵەتە، لە قادسیە هەزار و 237 هاوسەرگیری و 281  جیابوونەوە، و لە میسان هەزار و 122 هاوسەرگیری و 157 جیابوونەوە بووە، لە کاتێکدا لە دادگای تێهەڵچوونەوەی موسەننا کەمترین ژمارەی هاوسەرگیری تۆمار کراوە کە 989  گرێبەستە لەگەڵ 125 حاڵەتی جیابوونەوە.