چوارچێوەی هەماهەنگی سەرقاڵی نێوەندگیرین لەنێوان حکوومەتی عێراق و کەتائیبی حزبوڵڵا
سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند کە نووری مالیکی و هادی عامری بەچڕی سەرقاڵی نێوەندگیرین بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نێوان حکوومەت و کەتائیبی حزبوڵڵا؛ لە کاتێکدا سەرۆکوەزیران مۆڵەتی بەو گرووپە داوە تا 20ی ئەم مانگە لە جورف سەخر بکشێنەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی و پەرلەمانتارێک جەخت دەکەنەوە کە رێگە بە هیچ پێکدادانێکی سەربازی نادرێت و دانوستاندنەکان بەردەوامن.
دووشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی، بە کوردستان24ی راگەیاند: نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و هادی عامری ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، بەچڕی سەرقاڵی نێوەندگیرین لەنێوان کەتائیبی حزبوڵڵا و عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی تا کۆتایی ئەم هەفتەیە کێشەکان چارەسەر بکرن.
سەرچاوەیەکە روونی دەکاتەوە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و مەرجەعی باڵای بە هیچ شێوەیەک رێگە بە زەیدی نادەدەن پەنا بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەربازی ببات و پێکدادانان دروست بێت؛ گوتیشی: هێز بەرەو جورف سەخر و کەرکووک و چەند ناوچەیەکی دیکە جوڵێندراوە، ئەمەش بۆ کۆنترۆڵکردن و سەروەربوونی یاسایە.
چوارچێوەی هەماهەنگی هەموو دووشەممەیەک کۆبوونەوەی هەفتانەی دەکات، نزیکەی مانگێکە لەسەر هیچ پرسێک کۆ نەبووەتەوە، ئەو سەرچاوە دەڵێت: بەشێک لە سەرکردەکان گەشتیان کردووە و نازانرێت کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیە دەکرێت یان نا.
هاوکات ئەبو توراب تەمیمی، پەرلەمانتاری عێراق، بە کوردستان24ی راگەیاند؛ دانوستاندن لە نێوان حکوومەت و گرووپەچەکدارەکان بەکەتائیبی حزبوڵڵا بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا ئەنجامەکانی دەرنەکەوتوون. ئەبو توراب تەمیمی، جەخت لەوەدەکاتەوە هێز بەرەو ناوچەی جورف سەخر جووڵێندراوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک پێکدادانانی سەربازی و رووبەڕووبوونەوە و شەڕ لەنێوان گرووپەکان و هێزە ئەمنییەکان روو نادادات.لەبارەی چوونی هێزە ئەمنییەکان دەڵێت: هێزەکان بۆ رێکخستن و هەوڵی جێگیربوون دەدەن.
گرژییەکانی نێوان حکوومەتی عێراق و کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق تا دێت توندتر دەبن و زەیدی، تا 20ی ئەم مانگە مۆڵەتی بە کەتائیب داوە لە ناوچەی جورف سەخر بکشێنەوە و حزبوڵڵاش ئەمە رەتدەکاتەوە.
رۆژی هەینی 13ـی تشرینی دووەمی 2026، بە گوێرەی نووسراوی فەرمیی ژمارە (2/ 98) کە لە رێکەوتی 12ـی تشرینی دووەمی 2026 بە واژۆی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەرچووبوو، بڕیار درا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی باڵا بە سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەری گشتیی ئینزیبات و ئاسایشی حەشدی شەعبی، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە زانیارییەکانی بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە سنووری ناوچەی "جورفوسەخر".
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە راپۆرتێکی هەواڵگریی مەترسیدار لە لایەن "ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی" لە 14 لاپەڕەدا ئاراستەی پەرلەمانی عێراق کرا. لە راپۆرتەکەدا ئاشکرا کرابوو کە قاچاخچێتیی نەوت گۆڕاوە بۆ تۆڕێکی رێکخراو و ئاڵۆزی گۆڕینی سەرچاوەی بەرهەمە نەوتییەکان تاوەکو لە دەرەوەی سیستەمی فەرمیی دەوڵەت بەرەو ئێران و لەوێشەوە بۆ ئەفغانستان ساغ بکرێنەوە.