حەمە رەئوف کەرکووکی "ئاسمانی حەوتەم" بڵاو دەکاتەوە
حەمە رەئوف کەرکووکی، هونەرمەندی ناسراوی کورد، ئامادەکارییەکانی بڵاوکردنەوەی نوێترین بەرهەمی گۆرانیی خۆی بەناوی "ئاسمانی حەوتەم" تەواو کردووە و بەمزووانە بڵاوی دەکاتەوە.
سێشەممە، 17ی تشرینی دووەمی 2026، حەمە رەئوف کەرکووکی، هونەرمەندی ناسراوی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "بەرهەمی "ئاسمانی حەوتەم" لە هۆنراوە، ئاواز و موزیکی رزگار خۆشناوە، تۆمارکردنی موزیک و ئامادەکردن و دابەشکردنی بەرهەمەکەش لە وڵاتی ئێران، لەلایەن گروپێکی موزیکەوە ئەنجام دراوە و ئێستا هەموو قۆناخەکانی بەرهەمهێنانی گۆرانییەکە تەواو بوون و بەنیازم لە ماوەیەکی نزیکدا بڵاوی بکەمەوە."
حەمە رەئوف باس لە هۆنراوەی بەرهەمەکەی دەکات و دەڵێت، "ئەم گۆرانییە بەرهەمی هونەریی مامۆستا رزگار خۆشناوە، زیاتر لە 60 ساڵە لە بواری هونەردا چالاکی دەکات و بە مێژوویەکی دەوڵەمەندی هونەرییەوە ناسراوە."
حەمە رەئوف باسی لەوەش کرد، "هۆنراوەی گۆرانییەکە پشت بە بەسەرهاتێکی راستەقینە دەبەستێت، کە لە کوردستانی باشوور روویداوە؛ ئەمەش وای کردووە بەرهەمەکە تەنیا گۆرانییەک بۆ گوێگرتن نەبێت، بەڵکو چیرۆک و یادەوەرییەکی راستەقینەش لە ناخی خۆیدا هەڵبگرێت."
حەمە رەئوف کەرکووکی، هونەرمەندی ناسراوی کورد، لە ساڵی 1956 لە کەرکووک لەدایک بووە و ئێستا دانیشتووی شاری سلێمانییە. یەکەمین گۆرانیشی بە ناوی "ئەی خەجێی خەجان" تۆمار کردووە. ئەو هونەرمەندە خاوەنی چەندین گۆرانی تۆمارکراوە و هەواداری تایبەت بەخۆی هەیە.