کۆمیسیۆنی ئەوروپا: سەرەڕای کێشەی هورمز ئابووریمان گەشە دەکات
کۆمیسیۆنی ئەوروپا، باڵی جێبەجێکاری یەکێتیی ئەوروپایە، رۆژی سێشەممە 17ـی تشرینی دووەم، پێشبینییەکانی بۆ گەشەی ئابووریی یەکێتییەکە بەرز کردەوە و ئەو"باشبوونە چاوەڕواننەکراوە"شی لە سێ چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بۆ بووژانەوەی هەناردە و بەهێزیی ئاستی بەکاربردن گەڕاندەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی پاییزی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، پێشبینی دەکرێت ئابووریی یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵی 2026ـدا بە ڕێژەی 1.4% گەشە بکات، لە کاتێکدا لە پێشبینییەکانی وەرزی بەهاردا رێژەکە 1.1% بوو. هەروەها پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2027ـیشدا گەشەکردن لەسەر ئاستی یەکێتییەکە بە رێژەی 1.4% بەردەوام بێت، کە لەگەڵ پێشبینییەکانی پێشوودا یەکدەگرێتەوە. هاوکات، پێشبینی دەکرێت ئابووریی ناوچەی یۆرۆ لە هەردوو ساڵی 2026 و 2027ـدا بە رێژەی 1.2% گەشە بکات، لە کاتێکدا پێشبینیی وەرزی بەهار بۆ ساڵی 2026 تەنیا 0.9% بوو.
ئەم گەشەیە سەرەڕای پێشبینییەکانە بۆ دروستبوونی فشاری زیاتری هەڵاوسان لە ناوچەی یۆرۆدا (کە 21 وڵات لەخۆدەگرێت)، بە جۆرێک مەزەندە دەکرێت تێکڕای هەڵاوسان لە ساڵی 2026ـدا بگاتە 3.2% و لە ساڵی 2027ـدا ببێتە 3.1%، لە کاتێکدا خەمڵاندنەکانی وەرزی بەهار بەدوای یەکدا 3.0% و 2.3% بوون. ئەمە لە کاتێکدایە لە مانگی تشرینی یەکەمدا، تێکڕای هەڵاوسان لە ناوچەی یۆرۆ گەیشتبووە 4.0%.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕەوتی گواستنەوەی وزە بە گەرووی هورمزدا هێشتا رووبەڕووی "شڵەژانی توند" دەبێتەوە، هەروەها تێچووی گواستنەوە و بیمە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا ئاستەنگەکانی توانای پاڵاوتن و تەسکبوونەوەی بازاڕەکانی گاز بوونەتە هۆی زیادبوونی فشارەکان لەسەر نرخەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا، لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە پێشبینییەکانی هەڵاوسان لە مەودای مامناوەنددا "بە باشی جێگیرن"، چونکە بازاڕەکان هێشتا متمانەیان بە توانای بانکی ناوەندیی ئەوروپا هەیە بۆ پاراستنی سەقامگیریی نرخەکان، ئەمەش دوای بەرزکردنەوەی رێژەی سوود بە بڕی 25 خاڵی بنەڕەتی لە هەریەکە لە مانگەکانی حوزەیران و ئەیلوولدا.
راپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە ئابووریی جیهان لە ژێر کاریگەریی چەندین فاکتەردایە، لەوانە: بەرزکردنەوەی رێژەی سوود لەلایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهانەوە، بەرزبوونەوەی داهاتی بۆندە حکومییەکان، ناروونیی سیاسەتە بازرگانییەکان، هەڵبەزودابەزی بازاڕەکانی پشک، سەرەڕای "نیگەرانییەکان سەبارەت بە قازانج و دابینکردنی دارایی ئەو کۆمپانیایانەی لە بواری زیرەکیی دەستکرددا کار دەکەن". بەڵام وێڕای ئەمانەش، ئابووریی جیهان بە پاڵپشتیی بەهێزی وەبەرهێنانەکانی پەیوەست بە زیرەکیی دەستکرد، لە گەشەکردن بەردەوامە.
لەو چوارچێوەیەدا، ڤالدیس دۆمبرۆڤسکیس، کۆمیسیاری ئەوروپا بۆ کاروباری ئابووری، بەرهەمهێنان، جێبەجێکردن و ئاسانکاری، رایگەیاند: "لە ساڵی 2026ـدا، ئابووریی ئەوروپا خۆڕاگرییەکی باشتر لەوەی پێشبینی دەکرا نیشان دەدات. بەڵام نابێت ئەمە وەک شتێکی مسۆگەر وەربگرین... بەڵکو پێویستە دارایی گشتیمان بپارێزین، توانای کێبڕکێمان بەهێز بکەین و بنەماکان بۆ بەدیهێنانی گەشەیەکی بەهێزتر لە مەودای درێژخایەندا دابڕێژین."