ئیتاڵیا.. فیلمێکی کوردی گەیشتە قۆناخی کۆتایی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ریێتی و سابینا

کورتەفیلمی کوردی "پاسکیلە شینەکە"، لە دەرهێنانی سیاوەش ساعدپەنایە، لە قۆناخی کۆتایی بەشی کورتەفیلمی خولی نۆیەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ریێتی و سابینا لە ئیتاڵیا هەڵبژێردراوە، کە بەشدارییەکە دەرفەتێکی نوێ بۆ ناساندنی سینەمای کوردی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەڕەخسێنێت.

سێشەممە، 17ی تشرینی دووەمی 2026، سیاوەش ساعدپەنا، دەرهێنەری ئەو کورتەفیلمە بە کوردستان24ی راگەیاند، "فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمیریێتی و سابینا یەکێکە لە چالاکییە سینەماییەکان لە ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت و ئامانجی سەرەکیی ناساندنی بەهرە نوێکانی بواری سینەما، پشتگیریکردنی فیلمسازان و دروستکردنی دەرفەتی پەیوەندی و هاوکارییە لەنێوان دەرهێنەران، نووسەرانی سینەمایی، ئەکتەران و پیشەگەرییەکانی ئەو بوارەدا."

ساعدپەنا سەبارەت بە بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە گوتی، "فێستیڤاڵەکە لە ساڵی 2018 دامەزراوە و لە سەرەتادا بە مەبەستی بەهێزکردنەوەی جووڵەی کولتووری و هونەریی ناوچەی ریێتی و سابینا، دوای روودانی بوومەلەرزە لەو ناوچەیە، دەستی بە کار کردووە."

دەربارەی چیرۆکی کورتەفیلمی پاسکیلە شینەکە، سیاوەش ساعدپەنا دەڵێت، "ئەو کورتەفیلمە چیرۆکێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتییە کە ژیانی مامۆستایەک لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەورامانات دەخاتەڕوو. فیلمەکە لە رێگەی چیرۆکەکەیەوە باس لە لەدەستدان، تەنیایی، هاوسۆزی، مرۆڤایەتی و لێبوردەیی دەکات و هەوڵ دەدات بە زمانی سینەما، ژیانی مرۆڤانی ناوچە شاخاوییەکان و کێشە و هەستەکانیان بگەیەنێت."

ساعدپەنا باسی لەوەش کرد، "فێستیڤاڵەکە جۆرە جیاوازەکانی بەرهەمی سینەمایی لەخۆدەگرێت وەکو، فیلمی درێژ، کورتەفیلم، بەڵگەفیلم، فیلمی جووڵەیی، فیلمی بەرهەمهاتوو بە زیرەکی دەستکرد و کلیپی موزیکی. هەروەها خەڵاتەکان بە بڕیاری لیژنەیەکی پسپۆڕی سینەما و دەنگدانی بینەران دەدرێنە بەرهەمە بەشداربووەکان."

سەبارەت بە خەڵاتە گرنگەکانی فێستیڤاڵەکە، ساعدپەنا گوتی، "لە خەڵاتە گرنگەکانی فێستیڤاڵەکەش خەڵاتی باشترین فیلم، باشترین کورتەفیلم، باشترین بەڵگەفیلم، باشترین دەرهێنان و باشترین ئەکتەر و ئەکتریس هەن."

خولی نۆیەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ریێتی و سابینا، 25ی تشرینی دووەمی 2026 لە ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت و بەشداریی "پاسکیلە شینەکە" لەم فێستیڤاڵەدا گرنگیی خۆی هەیە، چونکە ئامادەبوونی بەرهەمێکی کوردی لە پاڵێوراوەکانی پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتیدا دەرفەتێکە بۆ زیاتر ناساندنی چیرۆک، ژیان و ئەزموونی مرۆیی لە ناوچە کوردییەکان، هەروەها بەشدارییەکە دەنگێکی دیکەی سینەمای کوردی دەگەیەنێتە بینەرانی نێودەوڵەتی.