سەرچاوەیەک: زەیدی و قائانی لە بارەی دۆسیەی جورف سەخرەوە رێککەوتن

رێککەوتنی زەیدی و قائانی؛ هێزی هاوبەشی حەشد و هێزە ئەمنییەکان دەچنە جورف سەخر

سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرای کرد، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، گەیشتوونەتە رێککەوتنێک؛ کە بەپێی ئەو رێککەوتنە کەتیبەکانی حزبوڵڵا بەمزووانە لە ناحیەی جورف سەخر دەکشێتەوە.

سێشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە کەناڵی ئەلحوڕەی راگەیاندووە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، گەیشتوونەتە رێککەوتنێک بەپێی ئەو رێککەوتنە کەتیبەکانی حزبوڵڵا بەمزووانە لە ناحیەی جورف سەخر دەکشێتەوە، بۆ ئەوەی رێگری لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بگیرێت کە حکوومەتی عێراق ئامادەکاریی بۆ دەکرد لەو ناحیەیەی سەر بە پارێزگای بابل.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە کە ناسنامەی خۆیان ئاشکرا نەکردووە، قائانی شەوی دووشەممە گەیشتووەتە بەغدا و لەوێ ماوەتەوە و، تا کاتژمێر 4ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ زەیدیدا لە کۆبوونەوەدا بووە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش داوە، ئەو پێشنیازەی رێککەوتنی لەسەر کراوە، بریتییە لە چوونەناوەوەی هێزێکی هاوبەش لە حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکان بۆ ناو ناحیەی جورف سەخر بە مەبەستی سەپاندنی دەسەڵاتی حکوومەت بەسەر ناوچەکەدا، لە بەرامبەر دەرچوونی کەتیبەکانی حزبوڵڵا کە واشنتن بە گرووپێکی تیرۆریستی پۆلێنی دەکات.

سەرچاوەکە وادەیەکی دیاریکراوی بۆ دەرچوونی حزبوڵڵا دەستنیشان نەکردووە و، تا ئێستاش هیچ لێدوانێک لە لایەن نووسینگەی سەرۆکوەزیران، لایەنی ئێرانی یان کەتیبەکانی حزبوڵلاوە لەسەر کۆبوونەوەکە و ئەنجامەکانی بڵاو نەکراوەتەوە.

کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق، بە یەکێک لە بەهێزترین ئەو گرووپە چەکدارانە دادەنرێت کە ئێران لە عێراقدا پاڵپشتییان دەکات؛ گرووپەکە لە چەند مانگی رابردوودا داواکارییەکانی زەیدیی رەت کردووەتەوە بۆ رادەستکردنی چەکەکانی تا بکەونە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراقەوە.

هاوکات حکوومەتی عێراق کەتیبەکانی حزبوڵڵا تۆمەتبار دەکات بە بەقاچاخبردنی نەوت لەو بۆرییانەی بە ناحیەی جورف سەخردا تێدەپەڕن، ئەویش دوای ئەوەی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە راستیی راپۆرتێکی هەواڵگریی وەزارەتی ناوخۆی پشتڕاست کردەوە کە تێیدا دزینی نەوت لە بۆرییەکانی وەزارەتی نەوت لە ناحیەکەدا لە ساڵی 2021ـەوە تۆمار کراوە؛ ئەمەش بووە پاڵنەر بۆ حکوومەت تا جووڵە بە هێزەکانی بکات بۆ چوونە ناو ناوچەکە.

هەڕەشەی مووشەکی و دەمەقاڵێی نێوان زەیدی و عامری

دوو سەرچاوەی ئەمنی و سیاسی بە کەناڵی ئەلحوڕەی گوتووە، کۆبوونەوەکەی زەیدی و قائانی چەند کاتژمێرێک دوای هەڕەشەیەک هات کە کەسایەتییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شەوی دووشەممە گەیاندبوویانە زەیدی، بەوەی ئەگەر هێزە ئەمنییەکان هێرش بکەنە سەر جورف سەخر، ناوچەی سەوز لە بەغدا بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکرێتە ئامانج؛ هەورەها نێردە دیپلۆماسییەکان لە بەغدا ئاگاداری هەڕەشەکانن و رێوشوێنی خۆپارێزییان گرتووەتە بەر.

پێش هەڕەشەکەش، میدیای کەتیبەکانی حزبولڵای عێراق، ئێوارەی دووشەممە وێنەی چەکدارانی و گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئامادەکردنی مووشەکی لە کارگەیەکی مووشەک و درۆندا بڵاو کردبووە و لەگەڵیدا نووسیبووی: "چەکەکەمان حەقە و لە دەستی موجاهیدەکانماندا دەمێنێتەوە."

پێشتر حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەت، رۆژی دووشەممە رایگەیاندبوو: زەیدی فەرمانی بە هێزە چەکدارەکان کردووە بچنە ناو جورف سەخر و مۆڵەت بە گرووپە چەکدارەکە دراوە تا ناوچەکە چۆڵ بکات. سەرچاوەیەکی ئەمنیش بە ئەلحوڕەی گوت: مۆڵەتەکە رۆژی هەینیی داهاتوو کۆتایی دێت؛ هەروەها شەوی یەکشەممە تانک و زرێپۆش لە بەغدا و موسەیەبەوە گەیشتنە دەوروبەری ناحیەکە.

بە پێی زانیاریی سەرچاوەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ کەناڵی ئەلحوڕە، کۆبوونەوەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئێوارەی دووشەممە بە ئامادەبوونی زەیدی، دەمەقاڵێیەکی لە نێوان سەرۆکوەزیران و هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، لەسەر جورف سەخر بەخۆیەوە بینیوە؛ تێیدا عامری چەکدارانی حزبوڵڵای لە ناحیەکە بە موجاهید وەسف کردووە و داوای کردووە پەلە نەکرێت لە مامەڵەکردن لەگەڵیاندا.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش داوە، دوای جێهێشتنی کۆبوونەوەکە لەلایەن هەردووکیانەوە، پێشنیازێک خرایەڕوو تا هێزێکی حەشدی شەعبی کە سەر بە گرووپە چەکدارەکان نەبێت و لە لایەن زەیدییەوە دیاریی بکرێت، بچێتە ناو ناحیەکە و جێگەی حزبوڵڵا بگرێتەوە، بەڵام ئەو کاتە گفتوگۆی لەسەر نەکرا.

 

پلانی دزەپێکراو و خەمڵاندنی نەوتی قاچاخ

بە گوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکان بۆ کەناڵەکە، زەیدی پێشتر جێبەجێکردنی پلانێکی پێشووتری بۆ هێرشکردنە سەر ناحیەکە کە بڕیار بوو بەرەبەیانی هەینیی رابردوو بە بەشداریی سێ لیوای سەربازی جێبەجێ بکرێت دوا خستبوو؛ ئەوەش دوای ئەوەی یەکێک لە فەرماندە سەربازییەکان پلانەکەی بۆ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و حەشدی شەعبی دزە پێکرد و دەرگای بە رووی فشار و پەیوەندییەکاندا بۆ سەر سەرۆکوەزیران کردەوە کە تا بەرەبەیان بەردەوام بوون.

رۆژی شەممەی رابردوو، زەیدی نۆ بەرپرسی باڵای ئەمنی و کارگێڕیی پارێزگای بابلی لە پۆستەکانیان دوور خستەوە. سەرچاوە حکوومییەکانیش رایانگەیاندووە، بەهای ئەو نەوتەی ساڵانە لە جورف سەخرەوە بە قاچاخ دەبرێت، دەگاتە نزیکەی دوو ملیار دۆلار؛ لە بەرامبەردا کەتیبەکانی حزبوڵڵا تۆمەتی بەقاچاخبردنی رەت کردووەتەوە، بەڵام دانی بە بوونی خەزانی سووتەمەنی و کارگەیەکدا ناوە لە ناو ناوچەکەدا و گوتوویەتی کە خزمەت بە کەرتی ئەمنی دەکەن.

تا ئێستا روون نییە ئایا رێککەوتنەکە پێش کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکە لە رۆژی هەینیدا جێبەجێ دەکرێت یان نا و، هێشتا دیاریی نەکراوە کام لایەنانە لە هێزە هاوبەشەکەی حەشد و هێزە ئەمنییەکاندا بەشدار دەبن، هەروەها هەڵوێستی کەتیبەکانی حزبوڵڵا لەسەر پێشنیازەکە روون نەبووەتەوە.

 

پاشخانی قائانی و جورف سەخر

قائانی لە مانگی کانوونی دووەمی 2020ـدا فەرماندەیی فەیلەقی قودسی وەرگرت، دوای کوژرانی قاسم سولەیمانیی فەرماندەی پێش خۆی و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و دامەزرێنەری کەتیبەکانی حزبوڵڵا، لە هێرشێکی ئەمریکیدا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا؛ لەو کاتەوە قائانی چەندین جار سەردانی بەغدای کردووە و لەگەڵ سەرکردەکانی گرووپە چەکدارەکان و چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبووەتەوە.

کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق، لە تشرینی یەکەمی 2014ـەوە توانی ناحیەی جورف سەخر لە دەستی داعش رزگار بکات و کۆنترۆڵی بکات، لەو کاتەوە ناوی ناحیەکەی گۆڕ بۆ جورف نەسر. لەو کاتەوە ڕێگە بە گەڕانەوەی دانیشتووانەکەی بۆ ناوچەکە نەدراوە و بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە بە رووی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا داخراوە و، ناوچەکە بە دووریی نزیکەی 60 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای بەغدا.