نەوت گەیشتە هەولێر

بەرپرسێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، پشکی نەوتی پارێزگای هەولێر لە 50 ملیۆن لیترە نەوتەکەی بەغدا گەیشتووە و ئەگەری هەیە ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی بکرێت. 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ی تشرینی دووەمی 2026، فەلاح سەید مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی کانزاکان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ پشکی نەوتی پارێزگای هەولێر لە 50 ملیۆن لیترە نەوتەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق گەیشتووە و ئەگەری هەیە ئێوارەی ئەمڕۆ یان سبەی پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەم، دەست بە دابەشکردنی بکرێت.

 کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و کانزاکانی دهۆک، بە بێوار حلمی، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ، یەکەم کاروانی نەوتی سپیی ماڵان گەیشتە کۆگاکانی پارێزگای دهۆک و بڕیاریشە هەر ئەمڕۆ لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگاکە دابەش بکرێت.

 بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، لە نزیکترین کاتدا پشکی دیاریکراوی نەوتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەش دەگاتە کۆگاکان.

ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدایە کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە 8ی تشرینی دووەمی 2026 لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند بۆ ناردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی وەک یەکەم کاروان بۆ وەرزی زستان. بەپێی دابەشکاریی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لەو 50 ملیۆن لیترە، 21 ملیۆن لیتر بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، 17 ملیۆن لیتر بۆ پارێزگای هەولێر و 12 ملیۆن لیتریش بۆ پارێزگای دهۆک تەرخان کراوە.