سەرۆکی مۆساد لە ئەمەریکا داوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران کردووە
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکان، میدیاکانی ئیسرائیل لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویان کردەوە، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد)، لە میانی کۆبوونەوەکانی هەفتەی رابردوویدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا، داکۆکیی لە ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کردووە.
چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2026، میدیاکانی ئیسرائیل لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویان کردەوە رۆمان گۆفمان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) لە واشنتن لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، لە نێویاندا جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندی (CIA) کۆبووەتەوە و زانیاریی هەواڵگریی ئیسرائیلی لەسەر دۆخی ئێران پێشکەش کردوون.
هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە، سەرۆکی مۆساد سەردانی شاری مەیامیشی کردووە بۆ دیدار لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا.
ئەم هەوڵەی سەرۆکی مۆساد هاوکاتە لەگەڵ کۆششەکانی بنیامین ناتانیاهۆ بۆ قایلکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاوەکو هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران دەست پێبکاتەوە؛ ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا لە 9ی تشرینی دووەم و پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی قەتەر، کە نێوەندگیری لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان واشنتن و تاران دەکات رایگەیاندبوو هێرشەکانی سەر ئێران هەڵدەپەسێرێت.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی بەشدار لە هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا ئاشکرای کردووە سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو داوایان لە ترەمپ کردووە هێرش نەکاتە سەر ئێران، بەهۆی ئەو ترسەی تاران هەڕەشەکانی بکاتە کردار و لە وەڵامدا هێرش بکاتە سەر وڵاتانی عەرەبی کەنداو.
هەینی 13ی تشرینی دووەمی 2026، ئەکسیۆس لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرای کردبوو، رۆمان گۆفمان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) کە یەکێکە لە کەسایەتییە هەرە نزیک و متمانەپێکراوەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە واشنتن لەگەڵ جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمەریکا (CIA) کۆدەبێتەوە، هاوکات بڕیارە بەرەو شاری مەیامی گەشت بکات تاوەکو لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی دیدار ئەنجام بدات.
سەردانەکەی سەرۆکی مۆساد لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا تا ئێستا بە هەموو شێوەیەک گوشارەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ رەتکردووەتەوە. ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ناتانیاهۆ جەختی کردووەتەوە کە لە بری گورزی سەربازی، لەگەڵ هەڵوێستی وڵاتانی کەنداو، بەتایبەت سعوودیە، قەتەر و ئیمارات هاوڕایە بۆ بەردەوامیدان بە گەمارۆی دەریایی و کەمپەینی گوشاری ئابووری تاوەکو دەرئەنجامی هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەردەکەوێت.