مەسک بۆ زێلێنسکی: رێگە نادەین "ستارلینک" بۆ هێرشی سەربازی بەکاربهێنرێت

ملیاردێری ئەمریکی، ئیلۆن مەسک، سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، بە "درۆکردن" سەبارەت بە سنووردارکردنی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیی مانگی دەستکرد تۆمەتبار دەکات و رایدەگەیەنێت؛ کیێڤ دەیەوێت تۆڕی بازرگانیی "ستارلینک" بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی خۆی بەکاربهێنێت، ئەمەش لەلایەن کۆمپانیای "سپەیس ئێکس"ـەوە بە تەواوی رەتکراوەیە.

لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەنووس ئەندرۆ رۆس سۆرکین لە پەراوێزی لووتکەی "دیڵ بووک" کە لەلایەن رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ـەوە رێکخرابوو، ئیلۆن مەسک وەڵامی رەخنەکانی سەرۆکی ئۆکرانیای دایەوە کە ئاماژەی بەوە دابوو، سنووردارکردنی ئینتەرنێت کاریگەری لەسەر تواناکانی سوپای وڵاتەکەی هەیە لە رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی رووسیا.

هەفتەی رابردوو، زێلێنسکی جارێکی دیکە نیگەرانیی خۆی دەربڕیبوو لە بەرامبەر ئەو سنووردارکردنانەی کە بە "سیستماتیک" ناوی بردبوون لەسەر سیستەمی پەیوەندیی سەربازیی "ستارشیڵد" کە کۆمپانیای سپەیس ئێکس بەڕێوەی دەبات، ئاماژەی بەوەش کردبوو کە پەیوەندییەکان تەنیا کاتێک کاردەکەن کە ئامێرەکان بە خێرایی کەمتر لە 161 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بجووڵێنەوە.

کاتێک رۆژنامەنووسەکە پرسیاری لە مەسک کرد سەبارەت بە ناوهێنانی سیستەمی "ستارشیڵد" لەلایەن زێلێنسکییەوە، مەسک لە وەڵامدا گوتی: "ئەمە راست نییە، نامەوێت تووشی شۆکت بکەم، بەڵام زێلێنسکی هەمیشە راستگۆ نییە."

مەسک جەختی لەوەش کردەوە کە سەرۆکی ئۆکرانیا "درۆ دەکات" و ئەوەی کیێڤ بە کردەیی داوای دەکات، رێگەدانە بە بەکارهێنانی تۆڕی "ستارلینک" لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هێرشبەرییەکاندا. روونیشی کردەوە کە کۆمپانیاکەیان بەرزترین ئاستی خێرایی بۆ کارکردنی خزمەتگوزارییەکانی ستارلینک دیاریکردووە، کە هاوتایە لەگەڵ ئەو خێراییەی لە رێگا خێراکانی ئۆکرانیا رێگەپێدراوە.

دامەزرێنەری سپەیس ئێکس گوتیشی: "ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە زێلێنسکی لە راستیدا داوای بەکارهێنانی مانگە دەستکردە بازرگانییەکانی ستارلینک دەکات لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هێرشبەرییەکاندا، ئێمەش ئەوەمان رەتکردووەتەوە، هەروەک چۆن لە سەرەتای ئەم ململانێیەوە رەتمان کردووەتەوە و بابەتەکە کۆتایی هاتووە."

مانگی رابردووش بەرپرسانی ئۆکرانیا ئەم پرسەیان ورووژاندبوو و رایانگەیاندبوو کە سنووردارکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد، رێگریی لە تواناکانیان دەکات بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی درۆنەکانی رووسیا.

ئەم لێدوانانەی مەسک تیشک دەخەنە سەر ناکۆکییەکانی نێوان کیێڤ و کۆمپانیای سپەیس ئێکس سەبارەت بە چۆنیەتی بەکارهێنانی تۆڕی ستارلینک لە جەنگی دژی رووسیادا؛ لە کاتێکدا ستارلینک خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بۆ بەکارهێنەرانی گشتی دابین دەکات، سیستەمی "ستارشیڵد" تایبەتە بە دامەزراوە حکوومی، سەربازی و ئەمنییەکان.