کاروان حەمید حەلاق "هەریەکە یەکە، کوردستان یەکە" بڵاودەکاتەوە
کاروان حەمید حەلاق، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، نوێترین بەرهەمی خۆی بەناوی "هەریەکە یەکە، کوردستان یەکە"، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ ئامادە کردووە و بەمزووانە بڵاوی دەکاتەوە.
پێنجشەممە، 19ی تشرینی دووەمی 2026، کاروان حەمید حەلاق، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەو بەرهەمە بیرۆکەی منە و ئاوازەکەی وەرگیراوە و هۆنراوەکەش بە هاوبەشی لەلایەن رەوەز ئیسماعیل لەک و پشتیوان حەمید حەلاق نووسراوە و دابەشکردنی موزیکەکەش لەلایەن رزگار حەمە رەئوفەوە ئەنجام دراوە. هەروەها ئەم بەرهەمە بە هاوکاری چەند ستۆدیۆیەکی کوردستان و ئەوروپا تۆمار و ئامادە کراوە وەکو، ئۆسکار موزیک ستۆدیۆ، ستۆدیۆی ئەلێکس ئۆتۆفیتس، ستۆدیۆی پیانۆ، باگییر ستۆدیۆ، هەروەها ستۆدیۆی ئەستێران. کاری ڤیدیۆکلیپەکە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد لەلایەن عادل ئاکرەییەوە ئەنجام دراوە."
کاروان حەلاق سەبارەت بە پەیامی گۆرانییەکە گوتی، "ئەم گۆرانییە پەیامێکی هەستیاری نیشتمانییە و لە کاتێکی گرنگدا هەوڵ دەدەم رۆڵی هونەر لە بەرزڕاگرتنی هەستی نەتەوەیی و پاراستنی بیرۆکەی یەکبوونی گەل و خاک بخەمەڕوو. هەروەها ناوەڕۆکی بەرهەمەکە لەسەر ئەو بیرۆکەیە دەسوڕێتەوە کە کوردستان یەکە و گەلی کوردیش یەکە؛ لەبەر ئەوە نابێت هیچ هەوڵێک بۆ دابەشکردن و لێکدابڕانی ئەم خاکە ببێتە هۆی لاوازکردنی هەستی هاوبەشی نەتەوەیی."
کاروان حەمید حەلاق، باس لە بیرۆکەی دروستبوونی ئەم بەرهەمە دەکات و دەڵێت، "ئەم گۆرانییە باس لەو پەیامە دەکات کە کوردستان یەک پارچەیە و نابێت دوو و سێ و چوار بێت. ئەرکی ئێمەیە وەک هونەرمەندان لە کاتە هەستیارەکاندا پەیامی جددی خۆمان هەبێت. ئەو هەواڵانەی ئێستا باس لە پارچەبوونی کوردستان دەکەن، دڵی خەڵکی ناخۆش کردووە، منیش بە هونەر دەمەوێت بڵێم کوردستان یەکە و گەلی کورد یەکە."
ئەو هونەرمەندە باسی لەوەش کرد، "لە راستیدا، هەڵبژاردنی ئەم ناونیشانە بۆ گۆرانییەکە، خۆی بەشێکە لە پەیامی سەرەکیی بەرهەمەکە؛ چونکە "هەر یەکە یەکە"، وەک دەستەواژەیەکی کورت، هەستی یەکگرتوویی و چارەنووسی هاوبەشی گەلێک دەردەبڕێت لە چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی سنوورەکاندا، بە مێژوو، زمان، کولتوور و ناسنامەیەکی هاوبەشەوە پێکەوە بەستراونەتەوە."
کاروان حەمید حەلاق ئاماژەی بەوەش دا، "ئەم بەرهەمەم هەوڵێکە بۆ ئەوەی هونەر لە سنووری خۆشی و کات بەسەربردن تێپەڕێنێت و ببێتە دەنگی هەست و پەیامی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی. بە تایبەتی لە کاتێکدا باسکردنی دابەشبوون و پارچەپارچەکردنی کوردستان نیگەرانی لە دڵی بەشێک لە کۆمەڵگای کوردیدا دروست کردووە، بەم گۆرانییە دەمەوێت لە رێگەی وشە و ئاوازەوە، بیرۆکەی یەکڕیزی و خۆشەویستی نیشتمان زیندوو رابگرم."
کاروان حەمید حەلاق، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، خەڵکی شاری کەرکووکە و دانیشتووی وڵاتی هۆڵەندایە. لە دەرەوەی وڵات بەشداری چەندین فێستیڤاڵی هونەری کولتوورە جیاوازەکانی کردووە.