بەقایی: لێکەوتەکانی داگیرکاریی عێراق بۆ کۆمەڵگەی ئەمریکیش کارەساتبار بوون

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رەخنەی توندی لە بانگەشە نوێیەکانی بەرپرسانی ئەمریکا گرت سەبارەت بە بوونی ئاماژە بۆ پەرەپێدانی چەکی بایۆلۆجی یان کیمیایی لە لایەن ئێرانەوە، ئەو تۆمەتانەی بە شوێنکەوتنی هەمان سیناریۆی ساختەی ساڵی 2003 دژی عێراق وەسف کرد.

پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "بەرپرسانی ئەمریکا ئێستا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئاماژە هەن لەسەر ئەوەی ئێران خەریکی پەرەپێدانی چەکی بایۆلۆجی یان کیمیاییە".

بەقایی بە بیرهێنانەوەی رووداوەکانی پێش داگیرکردنی عێراق پرسیاری کردووە: ئایا بەڕاستی بەرپرسانی ئەمریکا پێیان وایە جیهان دەرکەوتنە بەدناوەکەی کۆڵن پاوڵ لە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2003ـدا لەبیر دەکات، کاتێک شووشەیەکی بچووکی وەک نیشاندەرێکی بینراوی ئەو مەترسییە بانگەشە بۆکراوە بەرز کردەوە کە گوایە چەکە کۆکوژەکانی عێراق دروستیان کردبوو؟ 

جەختیشی کردووەتەوە، ئەو ساتەوەختە لەو کاتەوە بووەتە هێمایەکی نەمر بۆ یەکێک لە کاریگەرترین شکستە هەواڵگرییەکان و فێڵە سیاسییەکان لە مێژووی هاوچەرخدا.

لە درێژەی نووسینەکەیدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران روونی کردووەتەوە، بانگەشە هەواڵگرییە بێبنەماکان سەبارەت بە هەبوونی چەکی کۆکوژ لای عێراق، بە مەبەست وەک چەک بەکار هێنران بۆ دروستکردنی پاڵپشتیی رای گشتی و رێخۆشکردن بۆ داگیرکارییەکی سەربازی، کە لێکەوتەکانی کارەساتبار بوون نەک تەنیا بۆ گەلی عێراق، بەڵکو بۆ تەواوی ناوچەکە و لە کۆتاییشدا بۆ خودی کۆمەڵگەی ئەمریکی.

ئیسماعیل بەقایی لە کۆتایی پەیامەکەیدا هۆشداریی داوە و نووسیویەتی: ئێستاش خۆمان لە بەردەم تۆمەتی نوێی پڕمەترسی و گێڕانەوەیەکدا دەبینینەوە کە وا دەردەکەوێت شوێن هەمان سیناریۆی ساختە دەکەوێت. پرسیارەکە ئەمەیە: ئایا جیهان هیچ شتێکی لە وانە کارەساتبارەکانی ساڵی 2003 فێر بووە، یان خەریکە رێگەیان پێ دەدەین جارێکی دیکە لەسەر ئاستێکی گەورە رای گشتی هەڵبخەڵەتێننەوە؟