پەیامنێری کوردستان24: قۆناخی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی چوونە نێو جورف سەخر دەستیپێکرد
کەمێک پێش ئێستا قۆناخی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناوچەی جورف سەخر لە پارێزگای بابل دەستیپێکرد و هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی بەرەو پێگە دیاریکراوەکانیان جووڵەیان پێکرا.
ئەمڕۆ هەینی، 20ی تشرینی دووەمی 2026، لە نێو بارەگای پۆلیسی بابل، ئەو هێزانەی بۆ ئۆپەراسیۆنەکە دیاری کرابوون، بارەگاکەیان بەجێهێشتووە و بەرەو ئەو شوێنانە بەڕێکەوتوون کە لە سنووری جورف سەخر بۆیان دەستنیشان کراوە تا تێیدا جێگیر ببن.
بەپێی ئەو پلانە ئەمنییەی داڕێژراوە، هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی یەکێکن لە هێزە سەرەکییەکان کە دەچنە نێو ناوچەکە. هەرچەندە پێشتر بڕیار بوو چەند لیوایەکی حەشدی شەعبی هاوشانی پۆلیسی فیدراڵی بەشداری بکەن، بەڵام تا ئێستا روون نییە کە ئەو لیوایانە دەستیان بە جووڵە کردووە یاخود نا.
لەبارەی قەبارەی هێزە جووڵەپێکراوەکانەوە، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزەکە زەبەلاح نییە و لە نزیکەی 50 ئۆتۆمبێلی سەربازی پێکهاتووە، کە قورسترینیان ئۆتۆمبێلی جۆری "هەمەر"ـن و چەکی قورس و مامناوەندیان پێیە، هاوکات ژمارەیەک ئەمبوڵانسیشیان لەگەڵدایە.
پێشبینیش دەکرێت ئەم هێزانە بەبێ رووبەڕووبوونەوە و شەڕ بچنە نێو جورف سەخر و لە پێگەکانیان جێگیر ببن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بریار بوو ئەمڕۆ؛ کاتژمێر شەشی بەیانی، هەریەک لە پۆلیسی فیدراڵی، پۆلیسی وزە، دوو لیوای حەشدی شەعبی بچنە جورفو سەخر و کۆنترۆڵی ناوچەکە بکەن.
هاوکات دوێنێ پێنجشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی وەزیران و فەرماندە ئەمنییەکانی کرد بۆ بەدواداچوونی پێشهاتەکانی جورف سەخر.