نهێنیی تابلۆکەی پشت ترەمپ، پووتین و شی جینپینگ

لە یەکەمین کۆبوونەوەی مێژوویی سێقۆڵیی نێوان شی جینپینگ، سەرۆکی چین، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە شاری شێنجێن، هێندەی ناوەڕۆکی گفتوگۆ 90 خولەکییەکە، وردەکاری و هێما شاراوەکانی ناو هۆڵی کۆبوونەوەکە و بە دیاریکراوی ئەو تابلۆ مەزنەی لە پشت سەرۆکەکان هەڵواسرابوو، بوونە جێگەی سەرنجی میدیا جیهانییەکان و شرۆڤەکارانی دیپلۆماسی.

ئەو تابلۆ زەبەلاحەی لە ناوەڕاستی دیواری پشت سەرۆکەکان لە هۆڵی جیوژۆو دانرابوو، ناوی تیشکی بەرەبەیان لە ناوەوە و دەرەوەی شوورەی مەزنە (Morning Glow Inside and Outside the Great Wall)، کە یەکێکە لە بەناوبانگترین شاکارەکانی هونەرمەندی کۆچکردووی چین گوان شانیوی، یەکێک لە رابەرە دیارەکانی قوتابخانەی هونەریی لینگنان لە باشووری چین.

هەڵبژاردنی بەرهەمی ئەم هونەرمەندە بۆ لووتکەی شێنجێن بە رێکەوت نەبووە؛ گوان شانیوی پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ شاری شێنجێندا هەبووە و لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا 813 تابلۆ و شاکاری هونەریی خۆی پێشکەشی حکوومەتی ئەو شارە کرد، دواتریش شارەوانیی شێنجێن بە تێچووی 47 ملیۆن یوان مۆزەخانەیەکی تایبەتی بە ناوی ئەو هونەرمەندەوە بۆ پاراستنی بەرهەمەکانی بنیات نا.

هێمای ساڵی 1973 و تێکەڵکردنی رۆژهەڵات و رۆژئاوا

ئەوەی لای شرۆڤەکارانی سیاسی و میدیاکانی چین زۆرترین تیشکی خرایە سەر، مێژووی دروستکردنی تابلۆکە و واتا قووڵە دیپلۆماسییەکانی پشتی بوو. تابلۆکە لە ساڵی 1973 کێشراوە، واتە رێک لەو قۆناخە مێژووییەی جەنگی سارددا کە چین لە دوای سەردانەکەی ریچارد نیکسۆن سەرۆکی ئەمەریکا لە ساڵی 1972، بەستەڵەکی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رۆژئاوادا دەشکاند و بۆ یەکەمجار سنوورە ئایدیۆلۆجییەکانی دەبەزاند بۆ گەڕانەوە بۆ سەر شانۆی زلهێزەکانی جیهان.

هەڵواسینی تابلۆیەکی ساڵی 1973 لە لووتکە سێقۆڵییەکەی ساڵی 2026دا، وەک پەیامێکی رەمزیی بەیژینگ دەخوێندرێتەوە بۆ دووبارە شکستپێهێنانی بەستەڵەکی جەمسەرەکان و گفتوگۆکردن لە دەرەوەی ناکۆکییە ئایدیۆلۆجییەکان.

هەروەها یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی قوتابخانەی هونەریی لینگنان بریتییە لە "تێکەڵکردن و هاوئاهەنگکردنی هونەری چین و رۆژئاوا". شرۆڤەکارانی چین ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم تایبەتمەندییە تەواو هاوتای لووتکە سێقۆڵییەکە بووە کە تێیدا چین، رووسیا و ئەمەریکا بەدوای خاڵی هاوبەشدا دەگەڕان بۆ پاراستنی سەقامگیریی جیهان.

ناوی تابلۆکەش لە دوو دێڕە شیعری ماو تسی تۆنگ وەرگیراوە کە جەخت لەوە دەکەنەوە تیشکی بەرەبەیان بە یەکسانی بەسەر ناوەوە و دەرەوەی شوورەی مەزندا دەدرەوشێتەوە بەبێ هیچ جیاوازی و سنوورێک، کە میدیاکانی هۆنگ کۆنگ و چین بە دروستکردنی شوورەیەکی نوێ بۆ ئاشتیی جیهان وەسفیان کردووە.

لە رووی هونەری کلاسیکیی چینیی ناسراو بە شانشوی (چیا و ئاو)، هەر توخمێکی نێو تابلۆکە پەیامێکی تایبەتی هەڵگرتووە؛ لووتکە بەرز و سەختەکانی چیاکان هێمای سەقامگیری و جێگیرین، دار سنەوبەرە سەوزەکانی پێشەوە هێمای تەمەندرێژی و بەردەوامین، و شوورەی مەزنی چین کە بە نێو هەورەکاندا پێچ دەخوات، هێمای هێزی نیشتمانی و بەردەوامیی شارستانییەتە، لە ژێر ئاسمانێکی سوورباوی هەڵهاتنی خۆری بەیانیدا.

نەخشەی هۆڵەکە، فەرشی هەور و مێزە بازنەییەکە

هێما دیپلۆماسییەکانی کۆبوونەوەکە تەنیا بە تابلۆکەوە نەوەستابوون، بەڵکوو تەواوی دیزاینی هۆڵەکە تەواوکەری ئەو وێنەیە بوو. لە ژێر پێی سەرۆکەکاندا فەرشێکی گەورەی شین و سپی بە نەخشی شەپۆلی دەریا و هەور راخرابوو، بۆ ئەوەی لەگەڵ تابلۆی چیاکانی پشتەوەیاندا هاوسەنگییەکی کلاسیکیی "ئاو و چیا" دروست بکات کە هێمای بەختی باش و تەباییە.

شوێنی کۆبوونەوەکەش "ڤێلای کیلین" بوو لە دامێنی چیای کیلین لە شێنجێن مانایەکی قووڵی خێزانی و سیاسیی بۆ شی جینپینگ هەبوو؛ بەوپێیەی باوکی شی جینپینگ شی ژۆنگشون لە ساڵانی 1979–1980 وەک سکرتێری حزبی کۆمۆنیست لە پارێزگای گوانگدۆنگ رۆڵی سەرەکی هەبوو لە دروستکردنی شێنجێن وەک یەکەم ناوچەی ئابووریی تایبەتی چین، و دواتریش لە ساڵی 2002دا دوای تووشبوونی بە نەخۆشی، دوا مانگەکانی ژیانی لە باخچەکانی هەمان ئەو ڤێلایەدا بەسەر بردبوو.

لە نێو هۆڵەکەدا، سێ سەرۆکەکە لە دەوری مێزێکی داری بازنەیی گەورە دانیشتبوون کە هیچ سەرمێزێکی نەبوو، وەک ئاماژەیەک بۆ یەکسانیی هەر سێ زلهێزەکە، لە ناوەڕاستی مێزەکەشدا گوڵدانی گەورەی گوڵی پەمەیی دانرابوو. شی جینپینگ بە بۆینباخێکی سوورەوە لە ناوەڕاستدا دانیشتبوو، لە لای راستییەوە ڤلادیمێر پوتین بە بۆینباخی سووری تۆخ کە بەپێی پڕۆتۆکۆل شوێنی رێزلێنراوترین میوانە، و لە لای چەپیشییەوە دۆناڵد ترەمپ کە بە پێچەوانەی خووی هەمیشەیی خۆی، بۆینباخێکی شینی بەستبوو.

هەرچەندە کۆبوونەوەکە تەنیا 90 خولەکی خایاند و راگەیەندراوە گشتیی چوار خاڵیی لێ کەوتەوە سەبارەت بە چاکسازیی نەتەوە یەکگرتووەکان، گفتوگۆی داماڵینی ئەتۆمی، دابینکردنی نەوت و سنووردارکردنی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بێ ناوهێنانی ئۆکرانیا و ئێران، بەڵام پەیامی فەرهەنگی و هێماکانی پشت تابلۆی 1973 و دیزاینی هۆڵەکە، بوونە سەرەکیترین تەوەرەی لێکدانەوەی میدیاکانی جیهان لەم لووتکە بێوێنەیەدا.