لە نەجەف بۆرییەکی بە تاڵانبردنی نەوت دۆزرایەوە

هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی عێراق لە ئۆپەراسیۆنێکیدا درەنگانی شەودا توانییان دەست بەسەر بۆرییەکی قاچاخ، نهێنی و نایاسایی دزینی نەوتدا بگرن، کە لەناو باخێکی فراوانی پەرلەمانتارێکی ئێستای عێراق لە سنووری پارێزگای نەجەف حەشار درابوو.

ئەمڕۆ شەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکان، ئۆپەراسیۆنەکە درەنگانی شەو لە ناحیەی حەیدەرییەی سەر بە پارێزگای نەجەف ئەنجام دراوە و تێیدا دەرکەوتووە بۆرییەکی قاچاخی نەوت بە شێوەیەکی نهێنی لە بۆرییەکی سەرەکیی حکوومیی نەوتەوە راکێشراوە و راستەوخۆ دەچێتە ناو باخی ئەو پەرلەمانتارە، بەڵام تا ئێستا لایەنە فەرمییەکان ناسنامەی ئەو پەرلەمانتارەیان ئاشکرا نەکردووە و بە روونی دیاری نەکراوە کێیە.

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، دیمەنی ڤیدیۆیی بۆرییە دۆزراوەکە و شوێنی هەڵکۆڵین و پێکەوەبەستنی بۆرییە نایاساییەکە بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە فراوانی بڵاو بووەتەوە. دیمەنەکان کاردانەوەیەکی توندی رای گشتیی لێکەوتووەتەوە و پرسیاری جددیی لەبارەی چۆنیەتیی دەستدرێژیکردنە سەر سامانی گشتی و راکێشانی بۆریی نەوت لەناو موڵکی کەسایەتییەکی پەرلەمانیدا دروست کردووە.

سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن ئەو بۆرییە ماوەیەکی زۆرە لەناو باخەکەدا دانراوە و گومان دەکرێت بۆ راکێشانی نەوتی خاو لە هێڵی سەرەکیی دەوڵەت و بەقاچاخبردنی بەکارهێنرابێت؛ ئەمەش گومانەکانی لەبارەی قەبارەی ئەو نەوتەی بە درێژایی ئەو ماوەیە دزراوە و ئەو تۆڕانەی لە پشتییەوە بوون، قووڵتر کردووەتەوە.

لە دوای دۆزینەوەی بۆرییەکە لە درەنگانی شەودا، هێزێکی زۆری پۆلیسی نەجەف لە دەوروبەری شوێنەکە بڵاوەی پێکرا و گەمارۆیەکی ئەمنیی توند بەسەر باخەکە و بۆرییە نەوتییەکەدا سەپێنرا، بۆ رێگریکردن لە هەر دەستوەردانێک و پاراستنی بەڵگەکان تا تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان.

لەسەر ئاستی فەرمیش، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا لیژنەیەکی تەکنیکیی باڵایان پێکهێناوە و رەوانەی نەجەف دەکرێت، بۆ ئەنجامدانی پشکنینی مەیدانیی ورد بۆ بۆرییە قاچاخەکە و هێڵە سەرەکییەکە، تا بە تەواوی یەکلا ببێتەوە کە چەندە نەوتی خاوی لێ راکێشراوە و چۆن کارە نایاساییەکە رێکخراوە.

ئێستا سەرجەم چاوەکان لەسەر ئەنجامی لێکۆڵینەوە ئەمنی و تەکنیکییەکانن بۆ ئاشکراکردنی راستیی دۆسیەکە و لە هەمووشی گرنگتر، راگەیاندنی ناوی ئەو پەرلەمانتارەی باخەکەی بە ناوەوەیە و تا ئێستا بە فەرمی ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، لە کاتێکدا داواکارییەکان بۆ لێپرسینەوە لە سەرجەم تێوەگلاوان بەبێ رەچاوکردنی پارێزبەندی و پۆست و پێگە، روو لە زیادبوونن.

دۆزینەوەی ئەم بۆرییە لە کاتێکدایە کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە چەند رۆژی رابردوودا هەڵمەتەکانیان بۆ راوەدوونانی قاچاخچییانی نەوت لە سنووری پارێزگای نەجەف چڕتر کردووەتەوە.

رۆژی چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی نەوتی نەجەف و فەوجی یەکەمی سەر بە لیوای شەشەمی پۆلیسی وزە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هۆبەی هەواڵگری، دەستیان بەسەر مۆڵگەیەکی گەورەی بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکاندا گرتووە لە پارێزگای نەجەف و تۆمەتبارێکیشیان لەناو مۆڵگەکەدا دەستگیر کردووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، لەو ئۆپەراسیۆنەدا دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە جۆری کەنتەردا گیراوە کە 20 بەرمیلی 220 لیتریی هەڵگرتبوو، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی 12 تانکیی ئاسنی قەبارە گەورە کە سەرجەمیان پڕبوون لە بەرهەمی نەوتیی بڕ و جۆر نەزانراو. تۆمەتبارەکە و دەستبەسەرداگیراوەکان رەوانەی لێکۆڵینەوە کراون بۆ دادگاییکردنیان بەگوێرەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاخبردنی نەوت و بەرهەمەکانی ژمارە ٤١ـی ساڵی 2008.