وەزیری بەرگریی پۆڵەندا بۆ رووسیا: ناتوانن بمانترسێنن

وەزیری بەرگریی پۆڵەندا
وەزیری بەرگریی پۆڵەندا

دوای کەوتنەخوارەوەی دوو مووشەکی رووسی و درۆنێکی گومانلێکراو لە خاکی پۆڵەندا، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە رووداوەکەی بە هێرشێکی بە "ئەنقەست" و جەختی کردەوە، مۆسکۆ ناتوانێت بیانترسێنێت. 

لە بنکەی سەربازیی "نۆڤا دێمبا" لە باشووری پۆڵەندا، وەزیرانی بەرگریی "هاوپەیمانیی وڵاتانی ئامادە" بۆ پاڵپشتیی ئۆکرانیا کۆبوونەوە و وڵادیسلاڤ کۆسینیاک کامیش، وەزیری بەرگریی پۆڵەندا پێشێلکارییە ئاسمانییەکانی دوێنێ هەینیی (20ـی تشرینی دووەمی 2026)، بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی بە "پلان بۆ داڕێژراو" ناوبرد.

کۆسینیاک کامیش رایگەیاند، کەوتنەخوارەوەی دوو مووشەکی رووسی و ئەوەی پێدەچێت درۆنێکی بزوێنەری "جێت" بێت لە خاکی پۆڵەندا، هێرشێکی بە رێکەوت نەبووە و بەمەش هاوپەیمانان ناترسن. 

گوتیشی، "ئەم هێرشە بە رێکەوت نەبووە، بەڵکوو بە وردی لەگەڵ رووداوەکانی ئێرەدا هاوکات بووە، لەگەڵ نمایشکردنی توانا و لێهاتووییەکانی هاوپەیمانیی وڵاتانی ئامادە. هێرشەکە دژی هاووڵاتییانمان ئاراستە کراوە بۆ تێکشکاندنی خۆڕاگریی کۆمەڵگە و تێکدانی هاوکاری لە چوارچێوەی هاوپەیمانی ناتۆ، یەکێتیی ئەورووپا و هاوپەیمانیی وڵاتانی هاریکار. ناتوانین مل بۆ ئەمە بدەین و بوونمان لێرە دەیسەلمێنێت ئەستەمە بتوانرێت بمانترسێنن یان بمانتۆقێنن."

لە میانی مانۆڕە سەربازییەکانی "نۆڤا دێمبا"دا، سەربازانی پۆڵەندا و فەرەنسا، فڕۆکەکانی گواستنەوەی ئەڵمانیا و فەرەنسا، فڕۆکە جەنگییەکانی "یۆرۆفایتەر" و دەیان درۆنی سەربازی توانا کردەییەکانی خۆیان لە بەردەم وەزیرانی بەرگریی هاوپەیماناندا نمایش کرد. لە پەراوێزی چالاکییەکانیشدا، وەزیرانی بەرگریی پۆڵەندا، فەرەنسا و بەریتانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا دووپاتیان کردەوە، هەڕەشەکان یەکڕیزیی نێوانیان بەهێزتر دەکەن.

لای خۆیەوە، کاترین ڤۆتران، وەزیری بەرگری و هێزە چەکدارەکانی فەرەنسا گوتی، "سێ وشەم بۆ وەزیری بەرگریی پۆڵەندا هەبوو و بۆ ئێوەشی دووبارە دەکەمەوە: یەکەمیان هاوپشتییە لەگەڵ پۆڵەندا، وشەی دووەم بە تایبەتی پێوەی پابەندم یەکگرتوویی هەموو ئەو هاوپەیمانانەیە لێرەن، سێیەمیشیان پێداگریمانە لەسەر پشتگیریکردنی ئۆکرانیا."

نمایشە سەربازییەکان و پەیامە هاوبەشەکانی بنکەی "نۆڤا دێمبا" وەک وەڵامێکی راستەوخۆی هاوپەیمانان بۆ رووسیا دێن، بەوەی سەرەڕای بەزاندنی ئاسمانی پۆڵەندا لە کاتی هێرشەکاندا بۆ سەر ئۆکرانیا، ئامادەباشیی بەرگری لە بەرەی رۆژهەڵاتی ناتۆ و پاڵپشتیکردنی کیێڤ بەردەوام دەبێت.

بەرەبەیانی دوێنێ هەینی، 20ی تشرینی دووەمی 2026، لە کاتی یەکێک لە گەورەترین هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیادا بۆ سەر ئۆکرانیا (تێیدا لانیکەم هەشت کەس لە ئۆکراینا کوژران و نزیکەی 30 کەس بریندار بوون)، دوو مووشەکی باڵداری رووسی (یەکێکیان لە جۆری Kh-101 لە ناوچەی نۆڤی لیپۆڤێتس و ئەوی دیکە لە رودنیک ناد سانێم) و درۆنێکی بزوێنەری جێت لە گوندی مۆلۆدیچ لە باشووری رۆژهەڵاتی پۆڵەندا کەوتنە خوارەوە.

 شوێنەکانی کەوتنەخوارەوەکە لە نێوان 38 بۆ 100 کیلۆمەتر لە سنووری ئۆکرانیا و نزیکەی 35 بۆ 50 کیلۆمەتر لە بنکەی مانۆڕەکەی نۆڤا دێمباوە دوور بوون، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانییان لێ بکەوێتەوە.