غەریبئابادی: شەوی رابردوو شاندێکی قەتەر لە تاران بوو

غەریبئابادی: گەمارۆی ئابووری بە کردەوەی جەنگی دەزانین و دەیشکێنین

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، شەوی رابردوو شاندێکی قەتەر سەردانی تارانی کردووە و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر گفتوگۆیان کردووە، هاوکات گەمارۆ ئابوورییەکانی بە کردەوەی جەنگی ناو برد، دووپاتی کردەوە، ماددە پیتێنراوەکان لە ئێران نابرێنە دەرەوە.

شەممە 21ی تشرینی دووەمی 2026، کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی:تاران بە شێوەی راستەوخۆ و ئۆنڵاین لەگەڵ نێوەندگیرەکان و بە تایبەت قەتەرییەکان کە شەوی رابردوو شاندێکی ئەو وڵاتە سەردانی تارانی کردووە و دوو کاتژمێر گفتوگۆیان کردووە،، تا بزانن ئایا دەرفەتێکی دیکە بە دیپلۆماسی دەدرێت یان نا، سوپاسی هەوڵەکانی قەتەریشی لەو بارەیەوە کرد.

لەبارەی گەمارۆکانی سەر وڵاتەکەی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: ئێمە ئەو گەمارۆ ئابوورییەی سەپێنراوە بە کردەوەیەکی جەنگی دادەنێین و هەر هەنگاوێک پێویست بێت بۆ شکاندنی دەیگرینە بەر.

سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیش، ئاشکرای کرد، هێشتا هیچ دانوستانێک دەستیپێنەکردووە تا بچنە ناو وردەکارییە تەکنیکییەکان و بابەتە جیاوازەکانەوە، و گوتی: ئەگەر دانوستانێک بکرێت ئەوا وردەکارییە تەکنیکییەکانیش تاوتوێ دەکرێن. هاوکات دووپاتی کردەوە هەڵوێستی سەرەکیی وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەیە مادە پیتێنراوەکان بە هیچ شێوەیەک لە وڵات نابرێنە دەرەوە، چونکە بە گوتەی ئەو ناردنەدەرەوەیان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ناوخۆ کێشە دروست دەکات.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکان، غەریبئابادی باسی لەوە کرد کە لە ماوەی دوو جەنگی سەپێندراوی 12 رۆژە و 40 رۆژەدا، نەیارانی ئێران بە بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ و پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیای سەربازی هەوڵیان دا ئێران بشکێنن، بەڵام بە گوتەی ئەو لە کۆتاییدا خۆیان شکستیان هێنا.

غەریبئابادی هەروەها باسی لە کۆکردنەوەی دەیان هەزار لاپەڕە بەڵگەنامە کرد لەلایەن وەزارەتی دەرەوە، ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سوپای پاسدارانەوە لەبارەی بەرهەمهێنەران و پاڵپشتیکارانی چەکی کیمیایی رژێمی پێشووی عێراق، و رایگەیاند کە بە زوویی تیمێکی تایبەت بە پشتگیریی حکوومەت سەدان سکاڵای یاسایی لە دادگا بیانییەکاندا دەجوڵێنێت بۆ بەدواداچوون بۆ زیاتر لە 113 هەزار قوربانیی کیمیایی ئێران، کە بە گوتەی ئەو زیاتر لە 13 هەزار کوژراو و زیاتر لە 100 هەزار بەرکەوتووی کیمیایی لەخۆ دەگرێت.

هەروەها ئەمەریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە لە کاتی خۆیدا چەکی کیمیایی بە رژێمی پێشووی عێراق داوە و ئێستاش ئێران بە دروستکردنی بۆمبی پیس تۆمەتبار دەکات. هەروەها رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی و وڵاتانی رۆژئاوای بە پەیڕەوکردنی پێوەری دووفاقی تۆمەتبار کرد و گوتی: لە کاتێکدا لە جەنگی ئۆکرانیادا پشتگیرییان کرد، بەرامبەر ئەوەی بە دوو هێرشی سەربازیی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر ئێران ناوی برد، بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

دوێنێ هەینی ماڵپەڕی ئەکسیۆسی لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادار ئاشکرای کردبوو، لە کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممەدا کە لە پەراوێزی لوتکەی سەرکردەکانی ئەوروپا لە بەرلین بەڕێوە چوو، شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر و عەلی ئەلزەوادی، نێردەی تایبەتی قەتەر بەشدار بوون.

ئەم کۆبوونەوەیە دوای زنجیرەیەک جموجۆڵی چڕی دیپلۆماسی دێت؛ هەفتەی رابردوو سەرۆکوەزیرانی قەتەر سەردانی واشنتنی کرد و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کۆبووەوە. دوابەدوای ئەوەش، سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە تورکیا چاوی بە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کەوت و وردەکاریی گفتوگۆکانی واشنتن و رێگەکانی شکاندنی بنبەستی دانوستانەکانی پێ گەیاند.

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەشدا شاندێکی تەکنیکیی ئێران بە مەبەستی بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان سەردانی دەوحەی کرد، هاوکات عێراقچی سەردانی هەریەک لە پاکستان و عوممانی کرد و لە مەسقەتیش لەگەڵ عەلی زەوادی، نێردەی قەتەر کۆبووەوە؛ بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن سەرەڕای ئەم هەموو دیدار و پەیوەندییە چڕانە، هێشتا هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدەست نەهاتووە.

قەتەر وەک نێوەندگیری سەرەکیی نێوان ئەمەریکا و ئێران، چەند هەفتەیەکە هەوڵ دەدات رێککەوتنێک بهێنێتە کایەوە بۆ زیندووکردنەوەی ئاگربەست، دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان و رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی جەنگ.