سەرەڕای جەنگ هەناردەی گازی ئێران بۆ تورکیا بە رێژەی 30%ـی بەرزبووەتەوە

بەگوێرەی داتا فەرمییەکانی دەستەی رێکخستنی بازاڕی وزەی تورکیا (EMRA) ، هاوردەی گازی ئێران بۆ تورکیا لە ماوەی نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمار کردووە و لە رێگەی هێڵی بۆرییەکانەوە گەیشتووەتە نزیکەی 7.032 ملیار مەتر سێجا.

وەک لە داتاکاندا هاتووە، ئەم بڕە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2025 5.417 ملیار مەتر سێجا بووە، بە بڕی 1.62 ملیار مەتر سێجا و بە رێژەی 29.8% زیادی کردووە. هەروەها بەراورد بە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2024 4.771 ملیار مەتر سێجا تۆمار کرابوو، بە بڕی 2.26 ملیار مەتر سێجا و بە رێژەی 47.4% بەرزبووەتەوە. بەم پێیەش، هاوردەی نۆ مانگی یەکەمی 2026 زۆر نزیک بووەتەوە لە کۆی گشتیی هاوردەی تەواوی ساڵی 2025 کە نزیکەی 7.70 ملیار مەتر سێجا بوو، بەراورد بە 7.04 ملیار مەتر سێجا لە 2024 بە زیادبوونی ساڵانەی نزیکەی 9.4%، بە جۆرێک جیاوازیی نێوانیان لە 670 ملیۆن مەتر سێجا کەمترە.

ئامارە وەرزییەکان دەریدەخەن، بەرزبوونەوەی هاوردەی گازی ئێران بەهۆی زیادبوونی رۆیشتنی گازەوە بووە لە نیوەی یەکەمی 2026دا، پێش ئەوەی لە چارەکی سێیەمدا پاشەکشەیەکی کەم تۆمار بکات. لە چارەکی یەکەمی 2026دا هاوردە گەیشتە 1.757 ملیار مەتر سێجا بەراورد بە 719.86 ملیۆن مەتر سێجا لە هەمان ماوەی 2025، زیادبوونێکی ساڵانەی نزیکەی 144.1% بوو، هەروەها لە چارەکی دووەمدا بۆ 2.779 ملیار مەتر سێجا بەرزبووەوە بەراورد بە 2.196 ملیار مەتر سێجا لە 2025 بە زیادبوونی 26.6%.

لە بەرامبەردا، لە چارەکی سێیەمی 2026دا هاوردەی تورکیا لە گازی ئێران گەیشتە 2.496 ملیار مەتر سێجا بەراورد بە 2.502 ملیار مەتر سێجا لە هەمان ماوەی ساڵی پێشوو، دابەزینێکی ساڵانەی کەم بوو بە بڕی 5.9 ملیۆن مەتر سێجا و رێژەی 0.24%، لەگەڵ دابەزینێکی وەرزی بە رێژەی 10.2% بە جیاوازیی 283.6 ملیۆن مەتر سێجا بەراورد بە چارەکی دووەمی 2026. سەرەڕای ئەوەش، ئاستی چارەکی سێیەمی 2026 بە بڕی 874.2 ملیۆن مەتر سێجا و رێژەی نزیکەی 53.9% لە چارەکی سێیەمی 2024 زیاتر بووە 1.622 ملیار مەتر سێجا تۆمار کرابوو.

لەسەر ئاستی مانگانە، داتاکان جیاوازییەکی بەرچاو لە بڕی هاوردەکردندا دەردەخەن، دوای دەستپێکێکی لاواز لە کانوونی دووەمدا تێیدا نزمترین ئاستی ساڵ بە 130.05 ملیۆن مەتر سێجا تۆمار کرا بەراورد بە 185.97 ملیۆن مەتر سێجا لە کانوونی دووەمی 2025، رۆیشتنی گاز لە مانگی شوباتدا بازدانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی بۆ 803.50 ملیۆن مەتر سێجا بە زیادبوونی مانگانەی 517.8%، دواتر هاوردە لە ئاداردا گەیشتە 823.54 ملیۆن مەتر سێجا، لە نیساندا بۆ 945.26 ملیۆن مەتر سێجا و لە ئایاردا گەیشتە بەرزترین ئاستی نۆ مانگەکە بە 951.25 ملیۆن مەتر سێجا، پێش ئەوەی لە حوزەیراندا بۆ 882.89 ملیۆن مەتر سێجا دابەزێت.

لە ماوەی سێ مانگی دواتریشدا، رۆیشتنی گاز لە تەممووزدا جارێکی دیکە بۆ 919.33 ملیۆن مەتر سێجا بەرز بووەوە و لە ئابدا بە پاشەکشەیەکی کەم گەیشتە 916.25 ملیۆن مەتر سێجا، بەڵام لە ئەیلوولی 2026دا دابەزینێکی بەرچاوی تۆمار کرد و بووە 660.22 ملیۆن مەتر سێجا، ئەمەش دابەزینێکی مانگانەی 27.9% بوو بەراورد بە مانگی ئاب، هەروەها دابەزینێکی ساڵانەی 18.2% بوو بە بڕی 147.19 ملیۆن مەتر سێجا بەراورد بە 807.41 ملیۆن مەتر سێجا لە ئەیلوولی 2025.

ئەم دابەزینەی ئەیلوولی 2026 لە کاتێکدایە، کەرتی گازی ئێران رووبەڕووی ئاستەنگی زیاتر بووەتەوە، لەو بارەیەوە فاتیمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران هۆشداریی داوە لە ئەگەری پچڕانی دابینکردنی گاز لە وەرزی زستاندا، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پێشبینییەکان بۆ بەرزبوونەوەی کورتهێنانی رۆژانەی گاز بۆ 430 ملیۆن مەتر سێجا بەراورد بە نزیکەی 300 ملیۆن مەتر سێجا لە ساڵانی پێشوودا، پرسیار لەبارەی توانای تاران بۆ پاراستنی هەناردەکانی بۆ وڵاتانی دراوسێی دەورووژێنێت.

ئامار و داتاکانی تایبەت بە هاوردەکردنی گازی ئێرانی لە رێگەی بۆرییەوە بۆ تورکیا بە گوێرەی داتا فەرمییەکانی               ( دەستەی رێکخستنی بازاڕی وزەی تورکیا )