پاکستان: ئەمریکا و ئێران لە گەیشتن بە رێککەوتن نزیک بوونەتەوە
وەزیری دەرەوەی پاکستان گەشبینیی خۆی بە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنێکی نزیک لە نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دەربڕی. هاوکات هۆشداری دا لەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانێت چیتر بەرگەی بەردەوامیی ململانێکان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێت.
شەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2026، ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا، هیوای خواست لە کاتێکی نزیکدا پێشکەوتنێکی دیپلۆماسی بەدەستبێت و گوتی: "من گەشبینم و بە دڵنیاییەوە چاوەڕێ دەکەم ئەم ئامانجە زوو یان درەنگ بەدیبهێنین، هیوادارم ئەوە زوو بێت."
ئیسحاق دار روونیکردەوە، بەردەوامیی جەنگەکە بووەتە هۆی تێکچوونی زنجیرەکانی دابینکردنی وزە و بەرزبوونەوەی نرخەکان، هەروەها زیادبوونی ئازاری گەلان. دار جەختیکردەوە، تێچووی ململانێکان چیتر تەنیا لەسەر لایەنە شەڕکەرەکان نییە، بەڵکو گەیشتووەتە وڵاتانی دیکە، لەوانەش پاکستان.
سەرەڕای ئەو پێشێلکارییانەی دوای رێککەوتنی 18ـی حوزەیران روویاندا، هاوکات دووپاتیکردەوە، ئیسلامئاباد لە هەوڵەکانی نێوەندگیری کۆڵ نادات و هێشتا هانی واشنتن و تاران دەدات پابەندی بەڵێنەکانیان بن و کار بۆ دەستپێکردنەوەی رێڕەوی ئاشتی بکەن. وەزیری دەرەوەی پاکستان بەشێک لە جووڵە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی لە پشت پەردە بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونی هەردوولا ئاشکرایانکرد و جەختیکردەوە، ئیسلامئاباد پابەندە بە سیاسەتێکی دەرەوەی سەربەخۆ و فرەلایەنە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئیسحاق دار روونیکردەوە، پاکستان لەوەتەی دەستپێکردنی کردە سەربازییەکان لە 28ـی شوباتەوە جووڵەی کردووە و یەکەم وڵات بووە هێرشە ئیسرائیلییەکەی ئیدانەکرد. دار رایگەیاند، خۆی پەیوەندی بە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە کردووە و داوای دانبەخۆداگرتنی لێکردوون و هۆشداری داوە لە مەترسیی بەئامانجگرتنی وڵاتانی کەنداو و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
وەزیری دەرەوەی پاکستان گوتی، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پاکستان لە 10 و 11ـی نیساندا گەیشتە لووتکە، کاتێک ئیسلامئاباد میوانداریی یەکەم دانوستانی راستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ئێرانی کرد لە دوای 47 ساڵ. هەروەها روونیکردەوە، دانوستانەکان بۆ ماوەی 21 کاتژمێر بەردەوام بوون و تێیدا هەردوولا لە گەیشتن بە رێککەوتن نزیک بوونەوە، پێش ئەوەی یەکێک لە وەفدەکان بەشداریی خۆی بۆ راوێژکردن لەگەڵ سەرکردایەتییەکەی رابگرێت.
وەزیری دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، بەردەوامیی نێوەندگیریی پاکستان لە کۆتاییدا بووە هۆی گەیشتن بە "یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد" لە 18ـی حوزەیران. روونیشیکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆک کۆماری ئێران چوارچێوەی رێککەوتنەکەیان لە دوورەوە واژۆکردووە، لەو کاتەی ترەمپ بەشداریی لە لووتکەی گرووپی حەوت لە ئەوروپا دەکرد.
لە کۆتاییدا، ئیسحاق دار دووپاتیکردەوە، بەردەوامیی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی بۆ هاندانی هەردوولا بەرەو گەیشتن بە چارەسەرێک کە کۆتایی بە جەنگ بهێنێت، هیوای خواست ئەو جووڵانە ببێتە هۆی رێککەوتنێکی نزیک کە کۆتایی بە پەرەسەندنەکان و دەرهاویشتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی بهێنێت.