لە پارێزگای موسەننا 36 مامۆستا وانەی زمانی کوردی دەڵێنەوە
36 مامۆستای زمانی کوردی لە مووسەننا وانە دەڵێنەوە و سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردیی پارێزگاکە لە رێگەی کوردستان24 داوای پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕ لەگەڵ مامۆستایانی هەرێمی کوردستان دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی تسرینی دووەمی 2026، محەمەد دەرفش، سەرپەرشتیاری تایبەتی خوێندنی کوردی لە پارێزگای موسەننا، بە کوردستان24 رایگەیاند، زمانی کوردی لە سەرجەم قوتابخانەکانی عێراق لە قۆناخەکانی ئامادەیی، دواناوەندی، پەیمانگەکانی هونەرە جوانەکان، پەیمانگەکانی مامۆستایان و ئامادەییە پیشەییەکاندا دەخوێندرێت.
دەرفش گوتی، دوای ساڵی 2003 و بەهۆی ئەوەی زمانی کوردی لە دەستووری عێراقدا وەک زمانێکی فەرمیی وڵات ناسێنرا، بایەخێکی زۆری پێدرا.
لەو چوارچێوەیەشدا بەشی خوێندنی کوردی لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە لە عێراق کرایەوە کە لە رووی کارگێڕییەوە بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خوێندنی کوردی لە وەزارەتی پەروەردەوە بەستراونەتەوە، ئەمەش تایبەتمەندییەکی بە زمانی کوردی بەخشی کە لە بابەتە خوێندنییەکانی دیکەی جیادەکاتەوە.
سەبارەت بە دۆخی خوێندنی زمانی کوردی لە پارێزگای موسەننا، باسی لەوە کرد، پێشتر تەنیا چوار مامۆستای پسپۆڕ و مامۆستایەکی دیکە بۆ زمانی کوردی لە سنوورەکە هەبوون، بەڵام لە ساڵی 2009ـدا بەشی خوێندنی کوردی خولێکی راهێنانی بۆ ژمارەیەک مامۆستای پسپۆڕییەکانی دیکەی وەک زمانی عەرەبی و فەلسەفە کردەوە و دواتر ئەرکی وانەوتنەوەی زمانی کوردییان پێ سپێردرا.
هەروەها لە ساڵی 2017ـدا کۆمەڵێک مامۆستای دیکە لە پسپۆڕییە جیاوازەکاندا خرانە خولی راهێنانی زمانی کوردی و وەک مامۆستای وانەبێژی خۆبەخش بەسەر ناوەندی سەماوە و قەزاکانی رومەیسە و خزردا دابەشکران. دواتر لە ساڵی 2023ـدا ئەو مامۆستایانە بە فەرمی دامەزرێنران و ئەرکی وانەوتنەوەی زمانی کوردییان لە سەرانسەری پارێزگای موسەننادا پێ سپێردرا.
محەمەد دەرفش لەبارەی دابەشبوونی مامۆستایانەوە گوتی: لە ناوەندی پارێزگای موسەننا (سەماوە) 26 مامۆستا وانەی زمانی کوردی دەڵێنەوە کە زۆربەی قوتابخانەکانی ناوەندی پارێزگاکە دەگرێتەوە. لە قەزای رومەیسە شەش مامۆستا و لە قەزای خزر چوار مامۆستا هەن کە لە زۆربەی قوتابخانەکانی ناوەندی قەزاکاندا وانەکە دەڵێنەوە، جگە لە وانەوتنەوە لە پەیمانگەکانی هونەرە جوانەکان و قوتابخانە پیشەییەکان.
ئەو بەرپرسەی خوێندنی کوردی لە موسەننا روونیشیکردەوە، لە ساڵانی رابردوودا بەشی سەرپەرشتیاریی پسپۆڕی بە هاوکاریی بەشی خوێندنی کوردی لە پەروەردەی موسەننا، خول و وۆرکشۆپی راهێنانیان بۆ ئەو کەسانە کردەوە کە ئارەزووی وانەوتنەوەی زمانی کوردییان هەبوو، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و رۆشنبیریی قوتابیان بوو.
دەرفش گوتیشی: بە هاوکاریی بەشی خوێندنی کوردی و بە پاڵپشتیی بەڕێوەبەری پەروەردە، چەندان پێشانگە و فیستیڤاڵمان بۆ ناساندنی کولتوور و فۆلکلۆری نەتەوەیی کورد بە کۆمەڵگەی پەروەردەیی ساز کردووە.
سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی لە موسەننا جەختیکردەوە، لە رێگەی ئەزموونی سەرپەرشتیارییانەوە بۆیان دەرکەوتووە خولیا و ئارەزوویەکی زۆر لەلایەن مامۆستایان و قوتابیانەوە بۆ فێربوونی زمانی کوردی هەیە. داواشی کرد بۆ پەرەپێدانی زیاتری شارەزایی مامۆستایان، بەرنامەی ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەگەڵ مامۆستایانی هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ بکرێت، تاوەکو لەو رێگەیەوە پەیوەندییەکان پتەوتر بکرێن.