ئێران 16 وڵات بە دابینکردنی چەکی کیمیایی تۆمەتبار دەکات

ئێران: ئەمریکا و ئەڵمانیا بە چەکی کیمیایی یارمەتی سەدامیان داوە

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی جەختیکردەوە، زیاتر لە 16 وڵات لە کاتی جەنگی نێوان عێراق و ئێراندا بەشدارییان لە چەکدارکردنی رژێمی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بە چەکی کیمیایی کردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، کازم غەریبئابادی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی؛ ئەمریکا، ئەڵمانیا و ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپی تۆمەتبار کرد بەوەی لە پشت دابینکردنی ئەو چەکانە بوون بۆ بەغدا، ئەمەش لە کاتێکدایە ئێستا ئەو وڵاتانە تاران تۆمەتبار دەکەن بە هەوڵدان بۆ بەرهەمهێنانی ئەو چەکانە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران "ئیرنا" بڵاویکردەوە، غەریبئابادی ئەو قسانەی لە کاتی دیدارێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە بریندارانی قوربانیی چەکی کیمیایی کرد، کە لە سەردەمی جەنگی عێراق و ئێراندا بەر ئەو چەکانە کەوتبوون.

غەریبئابادی گوتی: "چەکی کیمیایی بە یەکێک لە دڕندەترین جۆرەکانی چەک دادەنرێت و لە چوارچێوەی چەکە کۆمەڵکوژەکاندا پۆلێن دەکرێت".

هەروەها روونیکردەوە، بەڵگەنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریدەخەن زیاتر لە 2,600 تۆن لە جۆرە جیاوازەکانی غازی کیمیایی، لەوانەش غازی سارین و خەردەل، دژی ئێران و گەلەکەی بەکارهاتوون.

ئەو دیپلۆماتکارە روونیکردەوە، ئەو ئامارانە پشتیان بە بەڵگەنامە بڵاوکراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەستووە، بەڵام پێدەچێت قەبارەی بەکارهێنانی ئەو چەکانە زۆر لەوە زیاتر بێت کاتێک بەڵگەنامەکانی لای ئێران هەژمار دەکرێن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "وڵاتانی رۆژئاوا، لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریکا، ئەڵمانیا و ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپی، رژێمی سەدامیان بە چەکی کیمیایی چەکدار کردووە". بە بڕوای ئەو بەرپرسە، ئەو وڵاتانە خۆیان وەک داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ نیشان دەدەن.